وەزیری ئەوقاف: هاتنی پاپا پەیامی نەبوونی توندڕەوی و كێشەی ئاینەكانی لە هەرێمی كوردستانی لەپشتە

:: AM:09:10:04/03/2021 ‌
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی خۆی لەسەر هاتنی پاپا فڕانسیس ڕاگەیاند و بە چاكەیەك بۆ رێزی خوێن و خەباتی گەلەكەمان و مێژوو خەسڵەتەكانی تاك بە تاكی كوردستانی دەزانێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئادار، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لەسەر هاتنی پاپا نووسیویەتی، ئێمەی كوردستانیان كێشەی ژێردەستەیی و هەڕەشەی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەردەم هەبووە و هەیە، ئەو وڵاتانەی كە  كوردیان لە ژێردەستە هیچ كات درێغی ناكەن لە نانەوەی كێشەو پێشێلكردنی مافەكانمان، خۆیان نەتەوەی باڵادەست و خاوەن وڵاتن، بەڵام قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ ئێمە بە ڕەوا نابینن.

پەیامی ڕێزگرتن لە پێكەوەژیان و لێبوردەیی ئاینی و نەتەوەیی و لە باوەشگرتنی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان


وەزیری ئەوقاف دەڵێت، هاتنی پاپا بۆ كوردستان زۆر پەیام لەخۆ دەگرێت، پەیامی ڕێزگرتن لە پێكەوەژیان و لێبوردەیی ئاینی و نەتەوەیی و لە باوەشگرتنی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش چاكەیەكە بۆ رێزی خوێن و خەباتی گەلەكەمان و مێژوو خەسڵەتەكانی تاك بە تاكی كوردستان.

باسی لەوەش كردووە، ئەو هاتنە پەیامێكە بۆ ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینی و تەریقەت و پەیامی ئیسلامی ڕاستەقینە، پەیامی دووەم نەبوونی توندڕەوی و كێشەی ئاینەكان لە هەرێمی كوردستان، پەیامی سێیەم پاڵپشتییەكی سیاسییە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتكردنی و پاراستنی لەلایەن هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە، پەیامی چوارەم دڵفراوانی و خانەخوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان و مامۆستایانی ئاینی ئیسلام و ئاینەكانی ترە، بۆیە پێویستە ئەوە ڕەنگ بداتەوە لە هاتنی هەر میوانێك بۆ هەرێمی كوردستان.

بڕیارە سبەی پاپا فڕانسیس بگاتە عێراق و هەرێمی كوردستان و چەندان كۆبوونەوەی  لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات و دواتر لە یاریگای فڕانسۆ هەریری وتارێك پێشكەش بكات.



وشە - رامیار جەواد