زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان دەڵێت، بەهۆی بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، كەسانێك وێنەی ئەو ڕۆژانەی خۆیان لەبەرچاو بوو كە ئیتر ئەگەر هەر ناونیشانێك بە خۆیانەوە بلكێنن، ناتوانن بەردەوام بن لەو مافیاگەری و گەندەڵكارییەی دەقیان پێوە گرتووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، كاتی ئەوەیە پێمان بڵێن لە دەستپێكی دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەندێك تووشی هیستریای سەرۆكی كابینەكە بوون و بەر لە هەنگاوەكانی بهاوێژێت، ئەودیوی كارنامەكەیان دەبینی كە خۆیان لە ناو دۆڵێكی تەمومژاویدا دەبینییەوە، وێنای ئەو ڕۆژانەی خۆیان لەبەرچاو بوو كە ئیتر ئەگەر هەر ناونیشانێك بە خۆیانەوە بلكێنن، ناتوانن بەردەوام بن لەو مافیاگەری و گەندەڵكارییەی دەقیان پێوە گرتبوو.
باسی لەوەش كردووە، لە سەرەتاوە لە هەوڵی نەزۆكانە بەردەوامن بۆ لەكەداركردنی ئەم حوكمڕانییە، هەر ڕۆژێك بە سیناریۆیەكی تازە سەرلەبەری وەك ڕۆژی ڕووناك بە بەرچاوانەوە دیارە، ئامانج لێی چییە و بۆ كێیە؟ ئەم شەڕی بە وەكالەتە بەرانبەر كارێزمای سەرۆك وەزیران دەكەن .
ڕوونی كردووەتەوە، تا ئێرە وەك خۆیان دەڵێن، ئەوە بریتی نییە لە سیاسەتی یەكێتی ناڵێین ئاساییە، بەڵام هەمیشە گوتوومانە هاوبەشبوون لە حوكمڕانیی سینگفراوانی دەوێت.
ئەوەشی گوتووە، دەپرسین تاكەی بۆ دەبێت هەر ڕۆژێك لە پڕكردنەوەی پۆستێك لەو حوكمڕانییەی ئێوە پێتان پەسەند نییە، شەڕی وەرگرتنی بكەن و لەولاش ئامۆزایەكەی تر شەڕی حوكمڕانییەكە بكات و وەك پیشەی هەمیشەیی هەوڵی ناشیرینكردنی بدات، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە پێمان بڵێن ئێوە یار دەبن یان نەیار.