لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەو شەپۆلی بارانبارینە تا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و ئێوارەی ئەمڕۆ باران بارینەكە زیاد دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئادار، بژار ئەكرەم لێپسراوی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك.
شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی ڕێژەی بارانبارینەكە زیاتر دەبێت
زیاتر گوتی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەودای بارانبارینەكە زیاتر دەبێت، بەشێوەی پچڕ پچڕ زۆربەی ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە بە تایبەت شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی ڕێژەی بارانبارینەكە زیاتر دەبێت، لە هەندێ ناوچەی باشوور و دەوروبەری سلێمانی هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
ڕوونی كردەوە، هاوكات خێرایی با چالاك دەبێت كە 20 بۆ 30 كیلۆمەتر دەبێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت.
باسی لەوەش كرد، پێشبینی دەكرێ ئەم شەپۆلە تا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەردەوام بێت.