له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كانی شاری كه‌ركووك هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان بۆ ناكرێت و ئێسته ئه‌و گه‌ڕه‌كانه بێبه‌شن له هه‌ر كارێكی ئیداره‌ی شاره‌كه، به‌رپرسانی حزبی شاره‌كه‌ش ده‌ڵێن، 16 ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌موو شتێكی زیان بوو بۆ كورد.
ره‌سووڵ ڕه‌ئووف به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی حزبی سۆسیالسیت دیموكراتی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، كه‌ركووك پێش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، هه‌مووی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا بوو، هه‌ر شتێك بكرایه كورد بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا، به‌ڵام دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌موو شته‌كان پێچه‌وانه بوونه‌وه و كورد نه ئاسایش، نه پێشمه‌رگه و نه ئیداره‌ی شاره‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه ماوه.
وای كردووه دانیشتووی كوردی شاره‌كه به‌ره‌و سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ڵبێن
ئه‌وه‌شی گوت، ئێسته بڕیار بۆ گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كانی كه‌ركووك ئه‌وه‌یه كه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ناكرێت و له ده‌ره‌وه‌ی كاری ئیداریی شاره‌كه‌ن، وه‌ك گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌روازه و فه‌یله‌ق و په‌نجا عه‌لی و گه‌ڕه‌كه‌كانی تر، بڕیاری تایبه‌تیان بۆ ده‌رچووه و هیچ خزمه‌تێك ناكرێن و ناو نراون گه‌ڕه‌كی عه‌شوایی.
هه‌روه‌ها گوتی، گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كان له هه‌موو شتێكی ئیداریی شاره‌كه فه‌رامۆش كراون و هیچیان بۆ ناكرێت، ئه‌مه‌ش وای كردووه دانیشتووی كوردی شاره‌كه به‌ره‌و سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ڵبێن و شاره‌كه به‌جێبهێڵن.
كاوه ئه‌حمه‌د كارگێڕی لقی كه‌ركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، زیاتر گرنگی به گه‌ڕه‌كه عه‌ره‌بنشینه‌كانی كه‌ركووك ده‌درێت و هیچ حیسابێك بۆ گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كان ناكرێت و خزمه‌ت ناكرێن.
هه‌روه‌ها گوتی، گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانی كه‌ركووك لای ئیداره‌ی شاره‌كه فه‌رمی نین و ددانیان پێدا نانرێت، كاریان بۆ ناكرێت و خزمه‌ت ناكرێن، هۆكاری ئه‌وانه‌ش رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی