بڕیارە ئەمڕۆ وڵاتانی ئۆپێك پڵاس كۆ ببنەوە و لەبارەی دواین سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت بڕیار بدەن. ئەوان ساڵی رابردوو بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، رۆڵیان هەبوو لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت.
سكرتێری گشتیی ئۆپێك هێشتا نیگەرانە لە كاریگەرییەكانی كۆرۆنا بۆ سەر بازاڕی نەوت، داوای لە ئەندامانی ئۆپێك كردووە بە وریایی بڕیار بدەن لەسەر بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، دەبێ دڵنیا بن لەوەی بەگوێرەی پێویستی بازاڕ بەرهەمهێنان بەرز بكەنەوە.
لەوانەیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەشێك لە وەزیرانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێك، حەز بەوە بكەن بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بكەنەوە و لانی كەم ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیلی تر بخەنە بازاڕ. سعوودیە یەكێك لەو وڵاتانە بووە زیاتر لە وڵاتانی تری ئۆپێك رۆڵی هەبووە لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، خۆبەخشانە ملیۆنێك بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتی كەم كردەوە و چاوەڕوان دەكرێت ئەو سیاسەتەی تا كۆتایی ئەم مانگەش درێژە پێ بدات.
پێشبینی كردووە ئاستی داخوازی نەوت، لە ساڵی 2021 بە بڕی پێنج ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە
رێكخراوی ئۆپێك پێشبینی كردووە ئاستی داخوازی نەوت، لە ساڵی 2021 بە بڕی پێنج ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بەرز ببێتەوە و بگاتە 96 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام هێشتا ئەو بڕە لە داخوازی بازاڕ كەمترە لە بڕی پێش هاتنی كۆرۆنا.
بەگوێرەی
dailyfx ئێستە نرخی نەوتی برێنت بە 64 دۆلار و 65 سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا هەفتەی رابردوو بۆ نزیكەی 68 دۆلار هەڵكشابوو. ئەگەر ئۆپێك درێژە بە سیاسەتی رابردووی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدات، پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكرێت.