سەرۆكی حكوومەت نیگەرانی لە دۆخی عەفرین ڕاگەیاند

:: PM:12:59:04/03/2021 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نەسر حەریری سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری ئادار، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نەسر حەریری سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد. 

لە كۆبوونەوەی نێوانیان، دوا پەرەسەندنەكانی بارودۆخی سیاسی سووریا و ناوچەكە و هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی سووریا تاوتوێ كران. 

سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا، سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی هەرێمی كوردستانی كرد بەرانبەر گەلی سووریا و داخوازییە ڕەواكانی، بەتایبەتی میوانداریكردنی سەدان هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی كوردستان كە سەرەڕای دۆخی سەختی ئابووری، پێشوازی لە پەنابەران كردووە و هاوكاری كردوون. 

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لە هەموو هەوڵێك دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سووریا، بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بە ئاراستەی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامیی لە ناوچەكە، دابینكردنی مافی گشت پێكهاتە و گەلانی سووریا لە ناویشیاندا مسۆگەركردنی داخوازییە ڕەواكانی گەلی كورد لەو وڵاتەدا. 

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت نیگەرانیی خۆشی بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانە دەربڕی كە لە عەفرین ڕوویان داوە و هیوای خواست كە ڕێگرییان لێ بكرێت .




وشە - رامیار جەواد