له خولی نایابی ئینگلته‌را، ئه‌مڕۆ یاریی لووتكه له نێوان هه‌ردوو یانه‌ی چێڵسی و لیڤه‌رپوول ئه‌نجام ده‌درێت، یارییه‌كه ململانێی نێوان دوو راهێنه‌ری ئه‌ڵمانییه.
له گه‌ڕی 29ی پرێمه‌رلیگدا، كه گه‌رێكی پێشخراوه، ئه‌مشه‌و له یاریگه‌ی ئانفێڵد ، یانه‌ی چێڵسی به سه‌ركردایه‌تی راهێنه‌ری ئه‌ڵمانی تۆماس تۆخێل، ده‌بێته میوانی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو.
لیڤه‌رپوول به سه‌ركردایه‌تی یۆرگن كلۆپی ئه‌ڵمانی، ئه‌م وه‌رزه له ركابه‌ریی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه زۆر دواكه‌وت و ئێسته تیپه‌كه له پله‌ی شه‌شه‌مه و 43 خاڵی هه‌یه، 22 خاڵیش له مانچێسته‌ر سیتیی پێشه‌نگ دووره.
كلۆپ رای گه‌یاند، بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئالیسۆنی گۆڵپارێز، فابینیۆ و جۆتا بۆ یارییكردن ئاماده‌ن.
لیڤه‌رپوول به هۆی پێكانی كۆمه‌لێك یاریزانی، به تایبه‌تی به‌رگریكاره‌كانی، ئه‌م وه‌رزه دووچاری ئه‌نجامی خراپ بووه‌وه و له ساڵی 2021دا به‌رامبه‌ر تیپه‌كانی برایتۆن، لێسته‌ر سیتی، بێرنلی و مان یونایتد و ئێڤێرتۆن له هه‌فته‌كانی پێشوودا دووچاری دۆڕان بووه، به‌ڵام له دوایارییدا توانی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به 2-0 گۆڵ له شیفێڵد بباته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی چێڵسی، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ركاربوونی تۆماس تۆخێلی ئه‌ڵمانی، وه‌چه‌رخانێكی گه‌وره‌ی كرد و ئه‌نجامه‌كانی باشتر بوون.
چێڵسی له پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندییه و 44 خاڵی هه‌یه، 10 یارییه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌كاندا نه‌دۆڕاوه، له دوایارییشدا له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوو.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان چێڵسی و لیڤه‌رپوول ئاستێكی به‌رزی هه‌بێت و سه‌رنجڕاكێش بێت.
یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له پرێمه‌رلیگ:
وێست برۆمیچ – ئێڤێرتۆن 21:00
فولهام – تۆتێنهام 21:00
چێڵسی – لیڤه‌رپوول 23:15.
هاوكات شه‌وی رابردووش سێ یاری له خوله‌كه ئه‌نجامدران، كه به‌م شێوه‌یه بوو:
كریستاڵ پاڵاس 0-0 مانچێسته‌ر یونایتد
شیفێڵد یونایتد 1-0 ئه‌ستۆن ڤێللا
بێرنلی 1-1 لێسته‌ر سیتی.