بایدن چۆن و كەی و لەكوێ وەڵامی میلیشیاكانی ئێران دەداتەوە؟

:: PM:04:18:04/03/2021 ‌

هێرشی مووشەكیی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنكەی سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەردەوامە، دوێنێ چوارشەم بە مووشەك هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)، هەروەها بۆمبێك بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەقییەوە، كۆشكی سپی دووپاتی كردەوە كە كێشەكانی ناوچەكە بە شێوازی دیپلۆماسی چارەسەر دەكات، بەڵام لە رێگریكردن لە هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ناوچەكە سڵ ناكاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمەریكا نەتوانێت هێرشەكانی ئێران بۆ سەر خۆی بوەستێنێت، چۆن بۆ سەر ناوچەكە سنوورداری دەكات؟

محەمەد نەعناع، توێژەر لە كاروباری سیاسی بۆ "وشە"، دەڵێت، تا ئێستە ستراتیجیەتی بایدن لە عێراق 100% دیار نییە، بەڵام لە بابەتی زیادكردنی هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ، دیارە كە بڕوای وایە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا و بیانی لە عێراق تا ئێستە پێویستە بۆ یارمەتیدانی عێراق، ئەوەمان بۆ روون بووەتەوە، هاوكات ناتۆ دەبێتە لایەنێكی گرنگی ئەو بوونە بیانییە لە عێراق، وەك لایەنەكانی سەربازی و راهێنان و زانیاری، بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی عێراق لە بەهێزكردنی دۆخی تەناهی و جەنگ لەدژی داعش.

زیاتر گوتی، بۆیە هاوڕای ئەو بیرۆكەیەم كە بایدن دەیەوێ هاوبەش بۆ ئەمەریكا لە عێراق دروست بكات، كە ناتۆیە، ئەوان ژمارەی هێز و هەوڵ و ئەركەكانیان لە عێراق زیاتر دەكەن تا دەگاتە ئاستی بوونی ئەمەریكا لەو وڵاتە، وەك بینیمان دەوڵەتێكی وەك دانیمارك سەركۆنەی هێرشەكەی سەر (عەین ئەسەد)ی كرد، بۆیە ئەگەری زۆر بایدن بوونی لایەنەكانیتر لە عێراق بەهێز بكات.
ئەمەریكییەكان وەڵامێكی كلاسیكیانەی هێرشەكە دەدەنەوە
بەرانبەر بە هێرشەی سەر (عەین ئەسەد)، نەعناع دووپاتی كردەوە، بەڵێ ئەمەریكییەكان وەڵامی هێرشەكە دەدەنەوە، بەڵام وەڵامێكی كلاسیكی، وەك بۆردمانكردنی ناوچە سنوورییەكانی عێراق و سووریا یان كردنەئامانجی میلیشیاكان لە چەند ناوچەیەكی سنووری، بۆ ئەوەی هاندانی جەماوەری و سیاسی دژ بە حكوومەتی عێراق دروست نەبێت، لێرە گرنگە بزانین كەی ئەو هێرش و وەڵامدانەوانە كۆتاییان دێت؟، پێم وایە بە دانیشتنی ئێرانییەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ و رازیبوونی ئێران بە پێشنیازی ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا، واتە گەیشتنی واشنتن و تاران بۆ خاڵی رێككەوتن كۆتایی بەو ئاڵۆزیانە دێت.
  
دوای هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێ چوارشەم بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، ئاڵۆزی نێوان ئەمەریكا و ئێران رووی لە هەڵكشانی زیاتر كرد، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لەسەر زاری جۆن كێربی، گوتەبێژی پنتاگۆن بەڵێنی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی دا كاتێك لە ئەنجامدەرەكەی دڵنیا دەبنەوە، ئەو گوتی، با بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ بابەتەكە بكەین و لێبگەڕێین عێراقییە هاوبەشەكانمان لێكۆڵینەوە بكەن و بزانین بەكوێ دەگەن، چونكە هێرشەكە مایەی نیگەرانییە.

گوتەبێژی پنتاگۆن دووپاتی كردەوە، ئەگەر پێویست بە وەڵامدانەوە بكات، پێشانمان داوە كە دوودڵی لێ ناكەین، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو بڕیارە، ئێستە ناتوانین بەرپرس دیاری بكەین و تەواوی زیانەكانمان نەخەمڵاندووە، بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەكەكان سیستمی بەرگری تایبەت بە بنكەكە بەكار هاتووە، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات.

كێربی دووپاتی كردەوە، لەگەڵ حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان هاوئاهەنگین لەكاتی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك لە عێراق و لە هەوڵەكانمان بۆ سەپاندنی كۆت بەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ناوەستین، بۆ رێگرتن لە بوونی بە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

چاودێران پێیان وایە میلیشیاكانی عێراق بەرژدی مامەڵەیان لەگەڵ گورزەكەی ئەمەریكا بۆ سەر بارەگاكانیان لەسەر سنوورەكانی سووریا نەكردووە، كە پێنجشەمی رابردوو حەوت بارەگای میلیشیاكان بۆردمان كرا و 22 چەكداریان كوژرا، لەوانە سەركردەیەكیان، چونكە ئەوان دەیانەوێ وەك جێبەجێكردنی ئەجیندایەكی ئێرانی و بەكارهێنانی عێراق وەك كارتێك، ئەمەریكا رابكێشنە ناو پەرەسەندنێك ئێستە حسێبی بۆ نەكردووە.    

كۆشكی سپی دووپاتی دەكاتەوە كە كێشەكانی ناوچەكە بەشێوازێكی دیپلۆماسیانە چارەسەر دەكات، لەگەڵ سڵ نەكردنەوە لە بەكارهێنانی هێز بۆ بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا پەردەی لەسەر كەتەلۆكی كاتی ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی لادا و بەڵێنی دا هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشانی لە ناوچەكەدا بكات، بۆ رێگرتن لە تاران لە بوون بە هەڕەشە بۆ سەر یەكپارچەیی خاكی وڵاتانی ناوچەكە.

ئەو زانیاریانە لەو "بەڵگەنامە كاتییە ستراتیجییەی ئاسایشی نەتەوەیی"، هات كە ئێوارەی دوێنێ بایدن، كە تەنیا 45 رۆژە فەرمانڕەوایەتی وەرگرتووە، بەڵگەنامەكە لە 24 لاپەڕە پێكهاتووە و ئاماژەی بۆ دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، كۆشكی سپی دووپاتی دەكاتەوە، ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەند دەبێت بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و بەهاوكاری وڵاتانی ناوچەكە بەرپەرچی هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر سەروەری و سەلامەتی خاكی وڵاتانی ناوچەكە دەداتەوە و بوونی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و قاعیدە بەهێزتر دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل