دوێنێ بۆ سێیەم جار لەدوای هاتنی جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ئەمەریكا بۆ دەسەڵات، بنكەی سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بۆردمان كرا، كاتێك بە 10 مووشەك هێرش كرایە سەر بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)، رۆژنامەیەكی ئێرانی نزیك لە رابەری شۆڕشی ئەو وڵاتە، هێرشەكە بە سەرشۆڕكردنی ئەمەریكا وەسف دەكات.
پاسداران رێگای بۆ یەكەم هێرش بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا كردەوە
رۆژنامەی
"كەیهان"، كە بەسەرپەرشتی عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران دەردەچێت، هێرشەكەی دوێنێی سەر (عەین ئەسەد)ی بە سەرشۆڕكردنی ئەمەریكا وەسف كرد، وەك ماڵپەڕی "ئێران ئینتەرناشیۆناڵ"، بڵاوی كردەوە.
وەك رۆژنامەكە باسی كردووە، لەو هێرەشەدا سێ كەس كوژراون، لەوكاتەی ئەمەریكا دانی بە گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێكی مەدەنی دانا، كە بەهۆی ترسانی لەكاتی هێرشەكە بە نۆرەی دڵ گیانی لەدەست داوە.
وەك لە راپۆرتێكی رۆژنامەكەدا هاتووە، سوپای پاسداران لەرێگای هێرشەكەی كانوونی دووەمی 2020، رێگای بۆ یەكەم هێرش بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا خۆش كرد، وەك ئاماژە بۆ هێرشەكەی سەر (عەین ئەسەد)، كە لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمەریكا ئەنجام درا، رۆژنامەكە لە شارەزایانی گواستەوە كە هێرشەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە رۆژانی داهاتوودا زیاد دەكات.