دوو هەواڵی خۆش لەبارەی ڤاكسینەكانەوە

:: PM:05:56:04/03/2021 ‌

بەمدواییە 50 هەزار ژەمی ڤاكسینی (سینۆفارم)ی چینی گەیشتە عێراق، لەو ژمارەیەیش پێنج هەزاری گەیشتە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی عێراق دووپاتی كردەوە ئەوانەی ژەمەكانیان پێ دراوە، نیشانەی ناوەند و توندیان بەسەر دەرنەكەوتووە، هاوكات لە هیندستان ڤاكسینێكی تر سەركەوتنی بەدەست هێنا.
لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەست بە كوتان كراوە
ئەمڕۆ پێنجشەم سەیف بەدر، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند، رێژەی سەردانیكردنی هاووڵاتییان بۆ ماڵپەڕی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاكسین باشە، ئێستە وەزارەتەكە گرنگی بە پێدانی ڤاكسین بە تیمە تەندروستییەكان دەدات و ڤاكسین گەیشتووەتە هەموو پارێزگاكان و هەرێمی كوردستانیش و دەست بە كوتان كراوە. 

زیاتر گوتی، تا ئەوساتە هیچ نیشانەیەكی مەترسیدار یان ناوەند لای ئەو توێژانە دەرنەكەوتووە كە ڤاكسینیان وەرگرتووە.

هەر لەو ناوەندەدا لە هیندستان ڤاكسینێكی تر سەركەوتنی لە تاقیكردنەوە كلینیكییەكان راگەیەندرا، وەك رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی دەڵێت، ئەو ڤاكسینە ناوی "كۆڤاكسین"ە، دەركەوت كە بەكارهێنانی سەلامەت و كاریگەرە بۆ پاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەوەیش هیندستان دەیەوێت زیاترین هاووڵاتییانی بكوتێت.

كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكە رای گەیاند ئەنجامە بەراییەكانی تاقیكردنەوە كلینیكییەكان كە 26 هەزار كەسی گرتەوە، دەریخست كە كاریگەریی ڤاكسینەكە 81%یە و ئەو ئەنجامە لە هیندستان قبووڵكراو بوو، لەوكاتەی حكوومەتی ئەو وڵاتە لە كانوونی دووەمی رابردوو رەزامەندی لەسەر ڤاكسینەكە دەربڕی و پێش راگەیاندنی سەلامەتی و كاریگەری، ملیۆنان هیندستانی بەكاریان هێنا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە حكوومەتی هیندستان رەزامەندی بۆ بەكارهێنانی فریاگوزاری بۆ ڤاكسینەكە دەربڕیوە، وەك پاڵپشتییەكەیش بۆی، سەرۆك وەزیرانی هیندستان و بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەبەردەم خەڵك بەكاریان هێناوە و وێنەكانیان بڵاو كرایەوە، حكوومەتی هیندستان هەوڵی كوتانی 300 ملیۆن هاووڵاتی تا مانگی ئابی داهاتوو دەدات، تا ئێستەیش 16 ملیۆن هاووڵاتی وەریان گرتووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل