"بابەتی غالب محەمەد پێوەندی بە یەكێتییەوە نییە و بەدواداچوونی یاسایی كاری حكوومەتە"

:: PM:06:35:04/03/2021 ‌

بەشێك لە پەرلەمانتار و سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دركیان بەوە كردووە كە بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان لەسەر پرسی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد یەك دەنگ نین، ئەوان پێیان باشە لەبری حزب، حكوومەت بەدواداچوون بۆ بابەتەكە بكات و قسەی هەبێت.

عوسمان كەریم، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، كۆدەنگییەكی ئەوتۆ و گشتگیر لەناو گۆڕان بۆ داكۆكیكردن لەو پەرلەمانتارەیان بەدی ناكرێت، كە بەم دواییە پەلامار دراوە، هاتنەدەنگی یەكێتیش پێوەندی بەوەوە هەیە كە لە سنووری سلێمانی پەلاماری دراوە و بابەتەكە پێوەندی بە یەكێتییەوە نییە.
ناكرێ بابەتەكە بە سیاسی بكرێ و پێویستە كارنەكاتە سەر پێوەندیی لایەنەكانی كوردستان
 زیاتر گوتی، لەماوەكانی رابروودا تاوانی لەم جۆرە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەم  پەلامارە گەورە كراوە و بووەتە بابەتی رۆژ و باس و خواسی زۆر لەسەرە، ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی بە گرنگی زانی ئەو كێشانە گەورە نەكرێن و نەبێتە هۆی دروستبوونی درز و ناكۆكی، بەتایبەت لەنێوان یەكێتی و پارتیدا.

لای خۆیەوە باڵانبۆ محەمەد، پەرلەمانتارێكی تری یەكێتی لەسەر هەمان پرسی پێوەندیدار بە غالب محەمەدەوە، بۆ"وشە" ئاماژەی دا كە نابینێت گۆڕان بەشێوەیەكی گشتی و وەك پێویست لەسەر ئەو ئەندامەی هاتبێتە دەنگ.

دووپاتی كردەوە، ئەوە كاری حكوومەتە بەدواداچوونی یاسایی و هەرجۆرە بەدواداچوونێكی بۆ بكات، چونكە ناكرێ بابەتەكە بە سیاسی بكرێ و پێویستە كارنەكاتە سەر پێوەندیی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان.

ئەگەرچی ئێستە ئەو پرسە جۆرە شەڕێكی میدیایی دروست كردووە و لاهوور جەنگی رێگەخۆشكەرە بۆی، بەڵام بەشێكی حزبەكەی لەگەڵ ئەوجۆرە گوتارەدا نین.

هەر لەو بارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ"وشە" ئاماژەی دا، شەڕی راگەیاندن لە بەرژەوەندی كەسدا نییە و لە بەرژەوەندی نەیارانی گەلی كوردە، بۆیە ناكرێ كێشەكان گەورە بكرێن .

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل