رۆژانە شەش ملیۆن ژەم ڤاكسین بەخەڵك دەدرێت

:: PM:07:12:04/03/2021 ‌

ئاژانسێكی ئەمەریكی رای گەیاند كە تا ئێستە 271 ملیۆن ژەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا دراوەتە دانیشتوانی 108 دەوڵەت لە دنیا و ئێستە گەورەترین هەڵمەتی كوتان هەیە، دووپاتی كردەوە كە دنیا پێویستی بە پێنج ساڵە بۆ كوتانی سێ لەسەر چواری هەموو دانیشتووان.
ڤاكسینەكان كاریگەری باشیان هەیە و هیچ كێشەیەك دەرنەكەوتووە
ئاژانسی "بلومبێرگ"، ئاماژە دەكات كە تێكڕای رۆژانەی كوتان بە ڤاكسینەكانی دژ بە كۆرۆنا گەیشتووەتە 6.36 ملیۆن ژەم لە رێگای بەكارهێنانی حەوت جۆر ڤاكسینی جیاوازەوە، لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر كوتانەكە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، دنیا پێویستی بە پێنج ساڵ هەیە بۆ كوتانی 75%ی دانیشتووانی زەوی، كە ژمارەیان 7.8 ملیار كەسە.

لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵەكانی نەهێشتنی پەتاكە، هاتنی هەواڵی ئەرێنی لەبارەی كاریگەری و سەلامەتی ڤاكسینە جیاوازەكان لە سەرانسەری دنیا بەردەوامە، وەك ماڵپەڕی "بزنس ئینسایدەر"، بڵاوی كردەوە، زانایانی بەدواداچوون بۆ هەڵمەتەكانی كوتان دەكەن، بۆیان دەركەوتووە ڤاكسینەكانی فایزەر/ بیۆنتیك و مۆدێرنا و ئەسترازینیكا/ ئۆكسفۆرد، كاریگەری باشیان لەدژی ڤایرۆسەكە هەیە و هیچ كێشەیەكیش پێوەست بە سەلامەتی دەرنەكەوتووە، دوای بەكارهێنانیان لەلایەن ملیۆنان كەسەوە.

لای خۆیەوە عەلی ئەبو تەحین، لە راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای كرد كە تووشبوون بە كۆرۆنا لەناو منداڵانیش تۆمار كراوە، بەڵام تا ئێستە لە هەڵمەتەكانی كوتان لە عێراق دوور خراونەتەوە، چونكە تا ئێستە تاقیكردنەوەی ڤاكسین لەسەر منداڵ نەكراوە، بۆیە عێراق چاوەڕوانی ئەنجامی پشكنینی تاقیگە گەورەكانی دنیا و رێنوێنییەكان دەكات، ئەگەر ئەوان گەیشتنە ئەنجامێك كە پێدانی منداڵ هیچ زیانێكی بۆ ئەوان نابێت، ئەوكات كوتان ئەوانیش دەگرێتەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل