میلیشیاكان پێگەكانیان لەسەر سنووری سووریا چۆڵ دەكەن

:: PM:07:42:04/03/2021 ‌

دوای هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێ بۆ سەر بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)، لە رۆژئاوای عێراق، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند كە وەڵامیان دەبێت، بەڵام چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانن، لەو ناوەدا میلیشیاكان لەترسی وەڵامدانەوەی كتوپڕی ئەمەریكا، پێگاكانیان لەسەر سنووری سووریا چۆڵ دەكەن.
ئێران دەیەوێ گورزەكانی ئەمەریكا بۆ میلیشیاكان بێنێتە ناو عێراق
سەرچاوەیەكی تەناهی عێراقی ئاشكرای كرد كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران چەند پێگەیەكی خۆیان لەسەر سنوورەكانی سووریا چۆڵ كردووە و لەشوێنی تر جێگیر بوونە، هاوكات ئەمەریكا بەنیازە سیستمی بەرگری پێشكەوتوو بۆ پاراستنی بنكە سەربازییەكانی لە عێراق و سووریا جێگیر بكات.

سەرچاوەكە كە ئەفسەرێكە لە فەرماندەیی هێزەكانی سنوور لە پارێزگای ئەنبار دەڵێت، میلیشیاكانی (كەتیبەكانی حزبوڵا) و "تفووف" و "سەید شوهەدا" و گرووپی تریش، كە لە چوارچێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی كار دەكەن، لە ئێوارەی دوێنێوە گۆڕانكاریی گەورەیان لە پێگەكانیان لە میحوەری قائیم و حسێبە و رومانە و مەكر زیب لە بەرانبەر ئەلبووكەمالی سووری ئەنجام داوە. 

زیاتر گوتی، ئەوان پێگەی خۆیان چۆڵ كردووە و چوونەتە شوێنی تر و ژمارەی چەكدارانیان لەو ناوچانە كەم كردووەتەوە، بۆیە هاتوچۆی فرەوانی چەكدارانی ئەو گرووپانە لە سنوورەكانی عێراق و سووریا دەبینرێت.

لەلایەكی تر گۆڤاری "فۆربس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە ئەگەری هەیە سوپای ئەمەریكا بەرگری ئاسمانی پێشكەوتووی جۆری "ئەڤانگەر"، لە سووریا و عێراق بۆ پاراستنی هێزەكانی بڵاو بكاتەوە، كە باشترین سیستمی بەرگرییە و بەكارهێنانی ئاسانە.  
  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل