ئه‌مڕۆ هه‌ینی پاپا فڕه‌نسیس به فه‌رمی ده‌گاته عێراق و ماوه‌ی چوار ڕۆژ ده‌مێنێته‌وه، ڕێوشوێنی ته‌ناهی و ته‌ندروستی توند له عێراق گیراوه‌ته‌به‌ر، له هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه، بۆ پێشوازی له پاپا، زۆرترین چالاكی له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ڕۆژه ئه‌نجام ده‌دا و سه‌ردانه‌ی به‌غدا و نه‌جه‌ف و ناسڕییه و هه‌ولێر و مووسڵ ده‌كات.
به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا دیداریه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی عێراق له به‌غدا و دواتر سه‌ردانی نه‌جه‌ف ده‌كات و له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عێراق عه‌لی سیستانی كۆ ده‌بێته‌وه و دواتریش ده‌چێته پارێزگه‌ی ناسڕییه و په‌رستگه‌ی ئور به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، كه به كۆنترین په‌رستگه له مێژووی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت و ده‌كه‌وێته 40 كیلۆمه‌تر ڕۆژئاوای شاری زیقاڕی ناوه‌ندی پارێزگه‌ی ناسڕییه.
دوای ته‌واوبوونی چالاكییه‌كانی له باشووری عێراق، ده‌گاته هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا ده‌كات و له قه‌ره‌قووش ده‌چێته كڵێسای ئه‌و ناوچه‌یه، كه پاپا له ڤیدیۆیه‌كدا به كڵێسای شه‌هید ناوی بردن. كه پێشتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕووخێنران و دوای رزگاركردنی ناوچه‌كانیش پێشمه‌رگه خاچی مه‌سیحیان له‌سه‌ر كڵێساكه دانایه‌وه.
سه‌میر شیر به‌ڕێوه‌به‌ری ئێزگه‌ی ڕادیۆی "مه‌ریه‌م" له هه‌ولێر له لێدوانی بۆ ئاژانسی سیری ئیتاڵی گوتی، داوا كراوه كه پاپا په‌یكه‌رێكی دایكی په‌یامبه‌ر عیسا، "خاتوو مه‌ریم" پیرۆز بكات، كه پێشتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه په‌یكه‌ره‌كه شكێنراوه و سه‌ر و ده‌سته‌كانی لێ كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێسته په‌یكه‌رتاشان سه‌ری په‌یكه‌ره‌كه‌یان به جه‌سته‌ی لكاندووه‌ته‌وه و وه‌ك سیمبۆلێك بۆ ئه‌و سته‌مه‌ی له كریستیانه‌كان كرا و وه‌ك هێمایه‌كی به‌رده‌وامی و خۆڕاگری، پاپا په‌یكه‌ره‌كه پیرۆز ده‌كات.
سه‌عات دووی نیوه‌ڕۆ ده‌گاته به‌غدا
په‌یكه‌ره‌كه ئێسته هێنراوه‌ته هه‌ولێر و دوای ته‌واوبوونی چالاكییه‌كانی له ده‌شتی نه‌ینه‌وایش، پاپا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه و دواتریش له یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شه‌هید فڕه‌نسۆ هه‌ریری ڕێوڕه‌سمێكی گه‌وره‌ی نوێژ خوێندن كه به گوێره‌ی زانیاری میدیاكانی ئیتاڵیا 10 هه‌زار كه‌س تێیدا به‌شدار ده‌بن، له‌لایه‌ن پاپاوه ئه‌نجام ده‌درێ و ئه‌و په‌یكه‌ره‌یش هه‌ر له‌و ڕێوڕه‌سمه پیرۆز ده‌كات.
پێشتر به‌رپرسانی باڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانه‌كه‌یان به پڕ بایه‌خ و مێژوویی ناو بردووه و له ڕووی ته‌ناهییه‌وه‌یش لیوا ته‌حسین خه‌فاجی گوته‌بێژ به‌ناوی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان له عێراق دووپاتی كرده‌وه، كه هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بوون و پلانێكی ته‌ناهی تۆكمه و تایبه‌ت به سه‌ردانی پاپا و چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی و پاراستنی گیراوه‌ته‌به‌ر و پلانه‌كه‌یش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق و به سه‌رپه‌رشتی عێراقییه‌كان دانراوه و خراوه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
خه‌فاجی بۆ ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید" دووپاتی له‌وه‌یش كردووه‌ته‌وه، كه دۆخی ته‌ناهی جێگیره و له ژێر كۆنتڕۆڵدایه و هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه و پێشێلكاری ته‌ناهی ڕوو نادات.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ڕۆژنامه‌كه كه‌وتووه، هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ و فه‌وجی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری عێراق، جێبه‌جێكاری سه‌ره‌كی پلانی ته‌ناهی و پاراستنی پاپا فڕه‌نسیس له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هێزه‌كانیان له ئێسته‌وه له به‌غدا و نه‌جه‌ف و ناسڕییه و مووسڵ بڵاوه‌ی پێكراوه.
له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی
ڤاتیكان پاپا په‌یامێكی به زمانی عه‌ره‌بی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی داوه، كه دواجار له نێو ئێوه ده‌بم، تامه‌زری دیدار و بینینی ڕووتانم و سه‌ردانی خاكه‌كه‌تان بكه‌م كه مه‌ڵبه‌ندی شارستانیه‌تی كۆنه، دێم وه‌ك حاجییه‌ك كه داوا له خوای به‌خشنده و میهره‌بان بكه‌م دوای چه‌ندان ساڵ جه‌نگ و تیرۆر، كه دڵه‌كانتان ئارام بكات و برینداره‌كان چاره‌سه‌ر بكات، وه‌ك حاجییه‌كی ئاشتیخواز دێم، ئێوه هه‌مووتان بران، به‌ڵێ منیش وه‌ك حاجییه‌كی ئاشتیخواز له برایه‌تی ده‌گه‌ڕێم.
ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌مووتان نوێژ بكه‌م، نوێژی خوشك و برایه‌تی له‌گه‌ڵ پێڕه‌وانی ئاینانی تریش كه هه‌مووان ڕه‌چه‌ڵه‌كمان بۆ باوكه ئیبراهیم ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌و ماڵباته‌كه‌مان یه‌ك ده‌خات له مسوڵمان و جوو و كریستیان.
له یاریگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فڕه‌نسۆ هه‌ریری گه‌وره‌ترین دیداری جه‌ماوه‌ری بۆ ساز ده‌كرێت
هاوكات ماڵپه‌ڕی فه‌رمی ڤاتیكان بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه سه‌عات دووی دوای نیوه‌ڕۆ به كاتی به‌غدا پاپا ده‌گاته به‌غدا و سه‌عات سێ ڕێوڕه‌سمی پێشوازیكردنی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌ست پێ ده‌كات. دواتر سه‌عات سێ و 45 خوله‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق كۆ ده‌بێته‌وه.
سه‌عات چوار و 40 خوله‌ك، له‌گه‌ڵ پیاوانی ئاینی كریستیان له به‌غدا له كاتدرائی "خاتوونی ڕزگاركه‌ر، سید‌ة النجاة" كۆ ده‌بێته‌وه. بۆ ڕۆژی شه‌موو سه‌عات 11 و 10 خوله‌كی پێشنیوه‌ڕۆ ده‌گاته ناسڕییه و سه‌ردانی په‌رستگه‌ی ئور ده‌كات. بۆ سه‌عات شه‌شی ئێواره ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غدا و له كڵێسای یوسفی كلدانییه‌كان نوێژ ده‌خوێنێت.
ڕۆژی یه‌كشه‌م سه‌عات 10ی به‌یانی ده‌گاته مووسڵ و له‌وێ نوێژ بۆ قوربانیانی شه‌ڕی داعش ده‌خوێنێت، سه‌عات 11 و 30 خوله‌كیش ده‌چێته قه‌ره‌قووش و سه‌ردانی كڵێسای ئه‌و شارۆكه‌یه ده‌كات، سه‌عات چواری هه‌مان ڕۆژ ده‌گاته هه‌ولێر و له یاریگه‌ی فڕه‌نسۆ هه‌ریری نوێژ ده‌خوێنێت، به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆر.