وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بێهەڵوێستیی بەرهەم ساڵح دەداتەوە

:: AM:10:15:06/03/2021 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەداتەوە و دەڵێت، ئەو وێنانەی بۆ پێشمەرگە مایەی شانازین.

دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ پاپا فڕانسیس کۆبووەوە و باسی لە ئازایەتی و خەباتكاری پێشمەرگە لە ئازادكردنەوەی ئەلقووش نەكرد، وەزارەتی پێشمەرگە بەچەند وێنەیەك وەڵامی دەداتەوە.

ئەو وێنانە بۆ پێشمەرگە مایەی شانازین

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك چەند وێنەیەکی پێشمەرگەی لەکاتی ڕزگارکردنی ئەلقووش بڵاو كردووەتەوە، لەسەری نووسیوە: ئەو وێنانە بۆ پێشمەرگە مایەی شانازین.

ئەو وێنانەی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی كردووەتەوە، بریتین لە كاتی ئازاكردنەوەی شارەدێی ئەلقووش، پێشمەرگە بەتەنیا ئەو شارۆكەیەی ئازاد كرد و خاچێكی لەسەر كەنیسەی ئەلقووش بەرز كردەوە.

دانانی ئەو وێنانە بۆ گوتەكانی بەرهەم ساڵح، لە كاتێكدایە دوای ئازاكردنەوەی ئەو شوێنانەی مەسیحییەكان كە تێدا نیشتەجێن لەلایەن پێشمەرگەی كوردستان، ئەوكات سوپای عێراق هێشتا لە باشووری مووسڵ بوو، پێشمەرگە بەشێكی زۆری باكوری مووسڵی ئازاد كردبوو.
 
لە ئەلقووش دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، لەلایەن حەشدی شەعبی گوشارێكی زۆر لە هاووڵاتییە كریستیانەكان كراوە ئەو شارۆكەیە بەجێ‌ بهێڵن و بەرەو هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانە بچن كە پێشمەرگە بەرگرییان لێ‌ دەكات.

ئەلقووش ماوەی چوار ساڵە لە دەستی داعش رزگار كراوە، بەڵام تا ئێستە بەشێكی كەمی كریستیانەكان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانیان و لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن، بەرپرسانی كریستیانیش باس لەوە دەكەن، هۆكاری نەگەڕانەوەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەردەوام سووكایەتییان پێ دەكەن.



وشە - رامیار جەواد