ئەوروپا و ئەمەریكا بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر بۆینگ و ئێرباسیان هەڵپەسارد

:: AM:10:37:06/03/2021 ‌
یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریكا لەسەر ئەوە رێككەوتن، كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان لەسەر سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكانی ئێرباس و بۆینگ بهێنن و بڕیارەكانی پێشوو لەم پێوەندییەدا هەڵپەسێرن.

سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، بەڵێنیان داوە بۆ ماوەی چوار مانگ ئەو بڕیارانە هەڵپەسێرن و هاوكارییە ئابوورییەكانی نێوانیان پەرە پێ بدەن.

ئەمەریكا و ئەوروپا چەند ساڵێك بوو یەكتریان بەوە تۆمەتبار دەكرد بە شێوەیەكی نادادپەروەرانە یارمەتی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی دەدەن.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، رێكخراوی بازرگانی جیهانیی لە ساڵی 2019دا مۆڵەتی بە ئەمەریكا دا بە بەهای حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، سزا بەسەر ئەو خزمەتگوزارییانە بسەپێنێت لە ئەوروپاوە هەناردەی ئەمەریكا دەكرێن، هۆكارەكەش بریتی بوو لەو یارمەتییە داراییەی یەكێتی ئەوروپا پێشكەشی ئێرباسی كردبوو.

مافی ئەوەی بە یەكێتی ئەوروپا دا سزای چوار ملیار دۆلار رسوومات و باج بەسەر ئەو كەلوپەلانە بسەپێنێت كە لە ئەمەریكاوە هەناردەی ئەوروپا دەكرێن


دواتر رێكخراوی بازرگانیی جیهانی، مافی ئەوەی بە یەكێتی ئەوروپا دا سزای چوار ملیار دۆلار رسوومات و باج بەسەر ئەو كەلوپەلانە بسەپێنێت كە لە ئەمەریكاوە هەناردەی ئەوروپا دەكرێن، ئەوەش بە تۆمەتی یارمەتیدانی دارایی ئەمەریكا بە كۆمپانیای بۆینگ.

لە سەردەمی ترەمپدا پێوەندییە ئابوورییەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا ئاڵۆز بووبوون، بەڵام ئێستە خەریكە ئاسایی دەبنەوە.



وشە - سلێمان تاشان