پێشانگای هاوبەشی پارێزگای هەولێر و جینهاوای دەكرێتەوە

:: PM:01:41:06/03/2021 ‌
بڕیارە ڕۆژی دووشەم پێشانگای هاوبەشی نێوان پارێزگای هەولێر و جینهاوای چینی، بە بەشداری 144 كۆمپانیای هەردوو پارێزگاكە بكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو شەشی ئادار، گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەم پێشانگای بازرگانیی ئۆنلاینی نێوان پارێزگای هەولێر لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای جینهاوای چین لە دەكرێتەوە.

ئامانج لێی بەهێزكردنی هاوكاری بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولایە

زیاتر گوتی، ئەو پێشانگایە بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی KACexpo ی چینی و هاوئاهەنگی كونسوڵگەی كۆماری چینی میلی لە هەولێر دەبێت، بەبەشداری 60 كۆمپانیای هەرێمی كوردستان و 84 كۆمپانیای چینییە.

باسی لەوەش كرد، ئەو پێشانگایە چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت، هەروەها ئامانج لێی بەهێزكردنی هاوكاری بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولایە، پلاتفۆرمێك بۆ بەهێزكردنی پێوەندی نێوان كۆمپانیاكان لە دوو لایەنەوە دروست دەكات.

كردنەوەی ئەو پێشانگایە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەبێتە دووەمین پێشانگای نێوان كۆمپانیاكانی چین و هەرێمی كوردستان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت.



وشە - رامیار جەواد