"لەرزۆكی كاریگەری لەسەر سێكس هەیە"

:: PM:02:13:06/03/2021 ‌

لە دیمانەیەکی ''وشە'' لەگەڵ د.سەعد سعوود محەمەد پسپۆڕی هەناوی مێشک و دەمار، سەبارەت بە نەخۆشی لەرزۆکی دەدوێت کە کێ تووشی دەبێ و چۆن تووشی دەبیت، ''وشە'' چەند پرسیارێکی لێ دەکات ئەویش بەگوێرەی پسپۆڕی خۆی وڵام دەداتەوە.

ئایا لەرزین یان لەرزۆکی نەخۆشییە؟
بەڵێ نەخۆشییە و لە خەڵکیدا دروست دەبێت، لە هەندێک کەسیشدا بە بۆماوەیی واتە لە زگماکەوە بۆیان دروست دەبێت و لەباوانەکانیانەوە بۆیان دەگوازرێتەوە، ئەم نەخۆشییە لەرزین لە جەستەدا دروست دەکات، بەڵام وەک مەترسی هیچ مەترسییەکی گەورە لەسەر جەستە دروست ناکات و زەرەری گەورەی نییە.

هۆکاری تووشبوون بە لەرزین یان لەرزۆکی چییە، تووشت دەبێت یان زگماکییە؟
بەگشتی لەرزۆکی چەند هۆکارێکی هەیە کە ئەمانە سەرەکیترینیانن:

یەکەم - خواردنی بەشێک لە دەرمانی کیمیایی وەک دەرمانی ''رەبۆ، تەنگەنەفەستی''.

دووەم - خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە كافایین یان زیاد لە پێویست لەو مادەیە، کە لە قاوە و چاو و خواردنەوە گازییەکان و کحوولیشدا هەیە.
 
سێیەم - دڵەڕاوکێیی و قەلەقی زۆر ئەم حاڵەتە دروست دەکات.

چوارەم -  بەتەمەنداچوون.

پێنجەم - ئەم نەخۆشییانە دەبنەهۆی لەرزۆکی وەک ''غودەى دەرەقى ژهراوى، جەڵتەی میشك، نەخۆشی پاركنسوون، رەقبوونى دەماركانى میشك.

شەشەم ئاڵوودەبوون بە مادە کحوولییەکان.

لە کێدا ئەم حاڵەتە ڕوودەدات ئایا پێوەندی بە تەمەنەوە هەیە؟
هەموو کەس دووچارە بۆ تووشبوون بە لەرزۆکی، وەک گوتیشم لەگەڵ زیادبوونی تەمەن و بەتەمەنداچوون هۆکارێکە بۆ ئەم نەخۆشییە، بەڵام ئەمە بۆ هەموو حاڵەتێک ڕاست نییە، چونکە هەموو تەمەنێک تووشی لەرزۆکی دەبێ، بەڵام بە حاڵەتی جیاواز و هۆکاری جیاواز، بە نموونە کەس هەیە بە بۆماوەیی بۆی ماوەتەوە و تووشی لەرزین بووە و بەگوێرەی زیادبوونی تەمەنیشی حاڵەتەکەی زیادیکردووە واتە ''لەرزینەکەی زیادی کردووە''.

ئەگەر تووشی لەرزۆکی ببی تەنیا دەستەکانت دەلەرزن یاخود بەشەکانی تری جەستەشت لەگەڵی دەلەرزێت؟
بەگشتی لەرزین لەم بەشانەی جەستەدا دروست دەبێت، ''سەر، شەویلاگە، دەستەکان یەک دەست یان هەردوو دەست، قاچەکان بە هەمان شێوەیە یەک قاچ یان هەردووکیان و زمانیش''، ئەمانە ئەو شوێنانەی لە جەستەدا کە لەرزینی تووش دەبێت.

کاتێک تووشی لەرزین یان لەرزۆکی بووی کەی پێویستە پزیشکی تایبەتی ببینیت؟
بێگومان هەموو کاتێک پێویستە کەسنای پسپۆڕ ببینی لەکاتی تووشبوون بە حاڵەتی لەرزین، ئەمەیش بە مەبەستی دیاریکردنی هۆکارەکانی تووشبوونت بەو حاڵەتە و دانانی چارەسەرێک و ڕێوشوێنێکی تایبەت بۆت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتەکە، کەسمان هەیە دەڵێ، من لە زگماکییەوە بۆم ماوەتەوە پێویستە بە بینینی پزیشک ناکات، ئەمە هەڵەیەکی باوە لەناو کۆمەڵگەدا ئەوان زیاتر پێویستییان بە پزیشکە بۆ چارەسەر.

لەرزۆکی چ زیانێکت پێ دەگەێنێت یان چ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر کەسەکە دروست دەکات؟
لەرزین و له‌رزۆكى ئەگه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێ هه‌ندێک کات كاریگه‌ریی خراپى دروست دەکات له‌سه‌ر كه‌سه‌كه‌ بەتایبه‌ت ئه‌گه‌ر هۆکارەکانی نەخۆشی تریشی هەبێ وه‌ك ''غوده‌ى ژه‌هراوى یان پاركنسوون''. بۆیە ناکرێ بەهیچ شێوەیەک پشت گوێ بخرێت.

تێکچوونی باری دەروونی یان تووڕەبوون لە کەسانی لەرزۆکدا چ مەترسییەکیان بۆ دروست دەکات؟
هه‌ندێک کەس لە حاڵەتی له‌رزین و له‌رزۆكى بارى ده‌روونیان ناجێگیره و پێویستایان به‌ چاره‌سه‌رى ده‌روونى هەیە، جگە لەوە حاڵەتەیش تووره‌بوون له‌ كه‌سانى له‌رزۆكدا مه‌ترسى زیادبوونی ئەو لەرزینەیان بۆ زیاد دەکات، تا دەگاتە حاڵەتی نەمانی کۆنترۆڵ بەسەر لەرزینەکەدا، ئەمەیش بەگوێرەی کات زیاد دەکات.

ئەم لەرزینە کاریگەری دەبێت لەسەر سێکس کردن، ئەگەر کاریگەری هەیە بە چ شێوەیەکە؟
لەرزین لە هەندێک کەسدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی لاوازی سێکس، لەلایەکی تریش لە کەسانێکدا تەنانەت چارەسەرکردنیشی لاوازی سێکس دروست دەکات، بەتایبەت لە پیاوان کە ''کێشە لە ڕەقبوونی چووک و هەڵدان و فرێدانی تۆو بۆ دەرەوەی چووک دروست دەکات''.

ئەی لەرزۆکی چارەسەری هەیە یان چارەسەر دەکرێت؟
لەرزۆکی بەگوێرەی هۆکارەکەی چارەسەی بۆ دەکرێت، کە بەشێک لەو حاڵەتانە چارەسەری هۆکاری تووشبوونەکەیان دەکرێت بەمەیش کەسەکە رزگاری دەبێ لە لەرزۆکی، بەڵام هەندێک حاڵەتی لەرزۆکی هەیە چارەسەریان نییە، بەڵام ئەوە ناگەێنێت کە زیانی دەبێ بۆ کەسەکە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان