پێكهاتەی عەرەب: پێشمەرگە بوو خاچی سەر كلێسایەكی گەورەی دەشتی نەینەوای چەقاندەوە

:: PM:04:24:07/03/2021 ‌

نوێنەری پێكهاتەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكا و داوا دەكات رۆژی سەردانەكە بكرێتە بۆنەیەكی ساڵانەی نیشتمانی، دووپاتی كردەوە كە پێشمەرگە بوو خاچەكەی سەر یەكێك لە گەورەترین كلێسای دەشتی نەینەوای دانایەوە.
7ی ئاداری هەموو ساڵێك ببێتە رۆژی نیشتمانیی لێبوردەیی و بەیكەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێمی كوردستان
دوای هێرشی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا و چەند پارێزگایەكی تری عێراق، مەسیحییەكان لە دەشتی نەینەوا وەك هەموو پێكهاتەكانیتر، رووبەڕووی ستەم و لەناوبردن لەلایەن داعش هاتنەوە و كلێساكانیان كەوتنە بەر هەڵمەتی وێرانكردن، لەو ناوەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەزاران قوربانی لەپێناو پاراستنی خەڵكەكە و شوێنە پیرۆزەكانی پێكهاتەكان دا.

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت، نوێنەری فەرمی پێكهاتەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا گوتی، پێشوازی لە سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ هەرێمی كوردستان، خاكی ئاین و پێكهاتە و تایفە و نەتەوە جیاوازەكان، وڵاتی لێبوردەیی و بەیەكەوەژیانی ئاشتی دەكەین، بۆ ئەو شوێنەی ملیۆنان ئاوارەی عێراقی و پەناخوازی سووریایی لەئامێز گرت، ئەوانەی لە تاوانكاریی داعش و میلیشیاكانی سەر بە ئێران و رێكخراوی پەكەكە و گرووپە چەكدارە بەڕەڵاكان هەڵاتن.

روونی كردەوە، وەك پێكهاتەی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان، پەیام دەدەینە پاپا فرانسیس بەوەی هێزی پێشمەرگە بوو خاچەكەی سەر یەكێك لە گەورترین كلێساكانی دەشتی نەینەوای لە شارەدێی باشیك بەرز كردەوە، نەوەك ئەو هێزانەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق باسی كردن. هاوكات وەك پێكهاتەی عەرەب لە هەرێمی كوردستان داوا لە مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین رۆژی 7ی ئاداری هەموو ساڵێك وەك رۆژی نیشتمانی لێبوردەیی و بەیكەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێمی كوردستان رابگەیەنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل