له ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2019 كۆماری ئیسلامی ئێران وڵاته‌كه‌ی له جیهانی ده‌ره‌وه دابڕی، پاش ئه‌وه‌ی شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی 20 شاری گه‌وره‌ی ئێرانی گرته‌وه، به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له وڵاته‌كه، دوای ئه‌وه‌یش ئێران گه‌وره‌ترین فلته‌ری خستووه‌ته سه‌ر هێلی ئینته‌رنێت و پرۆژه‌ی ئینته‌رنێتی حه‌لالی ڕاگه‌یاند، به بیانووی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه له به‌دڕه‌وشتی بپارێزێت، له كاتێكدا ئامانجه‌كه زیاتر سیاسی بوو و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خه‌ڵك و زه‌وتكردنی ئازادییه‌كانیان بوو.
له سه‌روبه‌ندی خۆپێشاندانه‌كان، سه‌ره‌تا تاران به ته‌واوی هێڵی ئینته‌رنێتی له سه‌رتاسه‌ری وڵات پچڕاند و ده‌ستی به گرتن و ڕاوه‌دوونانی خۆپێشاندان و ڕه‌شبگیری و ته‌نانه‌ت كوشتن‌یان كرد، ئه‌مه‌یش دووه‌م ڕووداوی له‌مجۆره بوو، پێشتریش له 2009 به‌هۆی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و دروستكردنی خۆپێشاندان له ئێران له دژی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه ئه‌وكات مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئێرانی برده‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن چاكسازیخوازان ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه به ته‌واوی ڕه‌تكرایه‌وه.
كاتێك خۆپێشاندان له ئێران دروست ده‌بن، ده‌سبه‌جێ ڕژێمی ئه‌و وڵاته په‌نا بۆ پچڕاندنی هێلی ئینته‌رنێت ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی نه‌توانن پێوه‌ندی به یه‌كتر بكه‌ن و كۆ ببنه‌وه و به‌رنامه بۆ ناڕه‌زاییه‌تییه‌كان دابنێن، جیا له‌وه‌یش ده‌ست به گرتن و كوشتوبڕی خۆپێشانده‌ران ده‌كات و نایه‌وێ وێنه و ڤیدیۆی دیمه‌نی هێرشی هێزه‌كانی ته‌ناهی ئه‌و وڵاته له تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت بڵاو ببێته‌وه و جیهان هێنده‌ی تر سه‌ركۆنه‌ی تاران بكه‌ن.
له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ئه‌زموونه، سیسته‌می ئیسلامی له ئێران گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئینته‌رنێت به گشتی و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ترین كۆسپ و له‌مپه‌ر و دوژمنی سیسته‌می ئیسلامین له ئێران و هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته‌گه‌ڕ بۆ سنوورداركردن و دابڕاندنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه له ته‌واوی جیهان، به‌جۆرێك ئێسته ئێران به كۆریای باكوری دووه‌م ده‌چوێنرێ و به ته‌واوی له جیهان دابڕێنراوه.
به بیانووی پاراستنی به‌هاكانی ئیسلام ئازادی قڕ ده‌كات
هه‌ر له 2009 بیرۆكه و پرۆژه‌ی دروستكردنی "ئینته‌رنێتی حه‌لال" یان "تۆڕی ئینته‌رنێتی نیشتمانی" له تاران خرایه ڕوو، ئه‌مه‌یش بۆ دوو بیانوو گه‌ڕێنرایه‌وه، یه‌كه‌میان بۆ ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی كاری به‌دڕه‌وشی له نێو خه‌ڵك كه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینته‌رنێتی جیهانییه‌وه فێری ده‌بن و بیرۆكه‌ی لێ وه‌رده‌گرن، كه پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما و نه‌ریته‌كانی مه‌زه‌وی شیعه و ئیسلامه، دووه‌میشیان بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی وڵات له هێرشی ده‌ره‌كی بپارێزن، تۆڕێكی تایبه‌ت به ئێران دروست بكه‌ن، كه به ته‌واوی جیاواز بێ له تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌یی جیهان كه سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیای گرتووه‌ته‌وه، جیا له كۆریای باكور نه‌بێ.
ئه‌و پرۆژه‌یه بریتییه له‌وه‌ی كه هه‌موو خه‌ڵك بۆی هه‌یه ئینته‌رنێت له ئێران به‌كاربهێنێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێ كه سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌كانی تری جیهانی و ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی شكاندنی لۆكه‌یشن و گۆڕینیشی له‌سه‌ر ئامێره‌كانیان داببه‌زێن واته "ڤی پی ئێن".
به دیوێكی تر ڕژێمی ئیسلامی ئێران، ته‌نیا ئه‌و ماڵپه‌ڕ و ئه‌پڵیكه‌یشنانه‌ی كه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن و له ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدایه، خه‌ڵكی ده‌توانن ده‌ستیان پێ بگات و زانیاری لێ وه‌ربگرن و پێوه‌ندی به كه‌سانی تر له ئێران ئه‌نجام بده‌ن، كه ئه‌مه‌یش هه‌مووی له ژێر كۆنتڕۆڵی تارانه و ناوه‌رۆكی هه‌موو داتاكان ده‌بینێت، به ده‌نگ و ڕه‌نگ و تێكسته‌وه كه له نێوان هاووڵاتییانی وڵاته‌كه ئاڵوگۆڕی پێ ده‌كرێت.
تاران ناوی تۆڕی ئینته‌رنێتی نیشتمانی ناوناوه "ئنترانێت" عه‌زیز ئه‌مینی پسپۆری ته‌كنیكی ئێرانی له‌وباره‌وه دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه به خستنه‌گه‌ڕی پرۆژه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت ناتوانن پێوه‌ست بن به تۆڕی جیهانییه‌وه هیچ ماڵپه‌ڕ و بزوێنه‌رێكی وێب به‌كاربهێنن، وه‌ك گووگڵ و ئه‌وانی تر، ئه‌مه جیا له‌وه‌یش سه‌رجه‌م تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وه‌ستن و ته‌نیا ئه‌و تۆڕانه كار ده‌كه‌ن كه خودی تاران دروستی ده‌كات و ده‌یخاته خزمه‌ته‌وه.
له دوای 2009ه‌وه هاووڵاتییانی كۆماری ئیسلامی ئێران، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن تویته‌ر و یوتیوب و فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانی تر به‌كاربهێنن، ته‌نیا ئه‌گه‌ر شكێنه‌ری فلته‌ر به‌كاربهێنن، كه ئه‌ویش بریتیییه له گۆڕینی لۆكه‌یشن و گواستنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر وڵاتێكی تر.
ئێرانییه‌كان ناتوانن هیچ ماڵپه‌ڕێكی جیهان بكه‌نه‌وه، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێ كه له ناوخۆی ئێران و له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌و وڵاته‌وه به چڕی چاودێری ده‌كرێن
له ماوه‌ی 11 ساڵی ڕابردوویش ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری هاووڵاتی ئێران به تۆمه‌تی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له دژی حكوومه‌ت و سیسته‌می وڵات و ئاینی ئیسلام له‌لایه‌ن دادگه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه سزادراون و خراونه‌ته گرتووخانه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خستنهكار و دروستكردنی ئینته‌رنێتی حه‌لال یارمه‌تیده‌ری زۆری ڕژێمی ئیسلامی ئێران ده‌دات، له ده‌ست گردبوونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، به‌ڵام به‌شێكیش له دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه، چونكه ئه‌مه سیسته‌می بانكداری وڵاته‌كه له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان ده‌پچڕێنێت، كه ئه‌مه‌یش زیانی گه‌وره‌ی بۆ ئێران هه‌یه، به‌ڵام پرۆژه‌كه كاری تێدا ده‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنگره‌وه‌ی سه‌رجه‌م تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوخۆی ئێران دروست بكرێ و ئنجا بخرێته خزمه‌ته‌وه.