ئەنجامی ریفراندۆمی سویسرا لەسەر پۆشینی رووبەند راگەیەنرا

:: AM:10:23:08/03/2021 ‌
ئەنجامی ریفراندۆم لەسەر پرسی پۆشینی رووبەند بۆ ژنانی مسوڵمان لە سویسرا راگەیەنرا، 52%ی بەشداران بە بەڵێ دەنگیان دا  و رەتیان كردەوە لەو وڵاتە ژنانی مسوڵمان بە رووبەند لە شوێنە گشتییەكان دەربكەون.

ریفراندۆمەكە لەسەر داخوازی پارتی گەلی سویس بەڕێوە دەچێت، پارتێك كە 10 ساڵ لەمەوبەریش رێگر بوو لە دروستكردنی منارە بۆ مزگەوتەكان لەو وڵاتە.

پڕۆژەكە بۆ ئەوەی ببێت بە یاسا، پێویستە لە ئەنجوومەنی كانتۆنەكانی سویسراش پەسند بكرێت. پێشتر وڵاتانی فڕەنسا، دانیمارك، بەلجیكا و بولگاریا پۆشینی رووبەندیان قەدەغە كردووە.

حكوومەتی سویسرا دژی ئەو هەنگاوە بووە و پێی وابووە ئەوە بەرپرسیارێتی حكوومەت نییە بە ژنان بڵێ چ جۆرە جلكێك بپۆشن.

لەو وڵاتە تەنیا 30 ژن رووبەندیان دەبەست


بەگوێرەی رادیۆ فەردا، ئیناس شێخ گوتەبێژی ژنانی مسوڵمانی فێمینیزم لە سویسرا كە خۆی باڵاپۆش نییە، گوتوویەتی ئەو پڕۆژەیە هیچ سوودێكی نییە و جۆرێكە لە رەگەزپەرستی، چونكە لەو وڵاتە تەنیا 30 ژن رووبەندیان دەبەست و پێویستی نەدەكرد قەدەغە بكرێت.

حكوومەتی سویسرا بۆیە دژی ئەو ریفراندۆمە بووە، چونكە پێی وابووە زیانی بۆ كەرتی گەشتوگوزاری وڵاتەكە هەیە، زۆرجار لە وڵاتانی كەنداو خەڵك بۆ گەشت سەردانی ئەو وڵاتە دەكەن و ئەگەر رووبەند قەدەغە بكرێت، ژمارەی گەشتیاران كەم دەبێتەوە.

 لە بەرانبەردا لایەنگرانی قەدەغەكردنی رووبەندیش پێیان وایە، سویسرا وڵاتێكی دیموكرات و پێشكەوتنخوازە، پۆشینی تەواوی رووی ژنان هێمای ستەمێكە كە لە ژنان دەكرێت و پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە لەو وڵاتە كاری پێ دەكرێت.

ژمارەی مسوڵمانانی سویسرا دەگاتە 380 هەزار كەس، بە گشتی 5%ی كۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێك دەهێنن و زۆربەشیان لە ناوچەی بەلقانەوە بۆ سویسرا كۆچیان كردووە.


وشە - سلێمان تاشان