كۆمەڵێك سەركردایەتی یەكێتی دوور لە بەرژەوەندیی حزبەكە كار بۆ تێكدانی دۆخەكە دەكەن

:: PM:09:49:08/03/2021 ‌

 كۆمەڵێك ئەندامی سەركردایەتی تازە لەناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەركەوتوو، كار بۆ باڵێكی ناو حزبە دەكەن، ئەوان بێ بیركردنەوە لە بەرژەوەندیی حزبەكە لێدوان و قسە دەكەن، زۆرجاریش بەهۆی ئەوانەوە كێشەی سیاسی لە ناوچەكە دروست دەبێ و دۆخە ئاڵۆز دەبێت.

دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە ساڵی 2019 لە سلێمانی بەسترا، كۆمەڵێك سەركردایەتی نوێ بێ ئەوەی هیچ خەبات و مێژوویەكیان هەبێ و لە سیاسەتی ناوچەكە تێگەشتبن و خوێندنەوەیان بۆ دۆخەكە هەبێت، تەنیا بەهۆی ئەوەی سەر بە كەس و باڵێكی دیاریكراوی ناو حزبەكە بوون، دەرچوون و ئێستە كوێرانە دەستیان داوەتە لێدوان و قسەكردن.
هیچ جۆرە سیاسەت و بیركردنەوەیەكیان نییە
كێشەی ناو یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشووی حزبەكە دەستی پێ كرد، كاتێك هەندێك لە سەركردایەتی بێ گوێدانە دۆخەكە و بەرژەوەندیی گشتی حزب، بەشێوەیەكی هەڵەشە قسە دەكەن و دەیانەوێ خۆیان وا پێشان بدەن كە سەركردایەتی دەكەن و هیچ جۆرە سیاسەت و بیركردنەوەیەكیان نییە.

جەنگی عیزەدین، بەرپرسی پێوەندییەكانی كەركووكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە رابردوو و ئێستەیش كە وای كردووە كورد بەهێز نەبێت، قسە و قسەڵۆكی هەندێك سەركردایەتی حزبە بەرانبەر بە یەكتری، راستییەكەی ئەو جۆرە قسە و لێدوانانە هیچ خزمەتێك بە دۆخەكە و دۆزی كورد ناكات، هێزی كورد لە یەكبوونیدایە و كاتێك بەهێزین كە ناوماڵی خۆمان رێك بێت و كێشەی سیاسی نەبێت.

زیاتر گوتی، هەندێك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە لێدوان دەدەن، راستییەكەی رەنگە ئەوانە رای خۆیان بێت و قسەی حزب نین، لەوانەی كە تازە بوونەتە سەركردایەتی قسە و لێدوانەكانیان زیاتر بۆ ئەوە بێت بڵێن ئێمەیش هەین و لای جەماوەر خۆی نیشان بدات و خەڵك بەدوای خۆیدا راكێشێت.

بەرپرسی پێوەندییەكانی كەركووكی یەكێتی روونی كردەوە، ئەو سەركردانەی كە بەوشێوەیە قسە دەكەن، هیچ پێوەندییان بە حزبەكەوە نییە و یەكێتی زمانحاڵی خۆی هەیە، ئەوان رای خۆیان دەخەنە روو، بەڵام لە راستیدا ئەو جۆرە لێدوان و قسانە هیچ باشنین و لە بەرژەوەندی خۆیان ئەو قسانە دەكەن. 

"یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ خۆی بیركردنەوە و شێوازێكی جیاوازی بۆ سیاسەت و هاوبەشیی حكوومی هەیە و كار بۆ تێكدانی بەرژەوەندیی گشتی و خراپبوونی دۆخەكە ناكات، بەڵام لەناو حزبەكە كۆمەڵێك كەس هەیە كاریان تێكدانی دۆخەكە و شێواندنی تەناهی و سیاسەتی دوو حزب دەكەن"، ئەو بەرپرسەی یەكێتی وای گوت.

لای خۆیەوە كاوە ئەحمەد، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی لەناو یەكێتی لەلایەن هەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی دەكرێت، بەهۆی ئەو دوو باڵەوە هەیە و دوو بۆچوون و بیركردنەوەی جیاوازیان هەیە، ئەوە ناكۆكیی ناو حزبەكەیە كە سیاسەتێكی دیاریكراویان نییە، ئەوەیش زۆر خراپە.

زیاتر گوتی، نە ئەوەیە هاوبەشی حكوومەت بن و هاوكاری حكوومەت بكەن، نە ئەوەیە ببنە ئۆپۆزسیۆن و رێگایەك هەڵبژێرن بۆ چاككردنی كێشەكان، بۆیە ئەوەی ژمارەیەك سەركردایەتی ئەو حزبە دەیكەن، جۆرێكە لە خۆنیشاندان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو و گوایە لە بەرەی خەڵكن.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، یەكێتی ئێستا بە دوو بیركردنەوە ئیش دەكات، ئەو جۆرە بیركردنەوەیە كە كۆمەڵێك لەناو یەكێتی دەستیان داوەتێ، شتێكی باش نییە و بگرە لە بەرژەوەندی حزبەكە و ناوچەكە و هاووڵاتییانیش نییە.

لەماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆر لەلایەن ئەو گرووپەی ناو یەكێتی بۆ دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدرێت، لەكاتێكدا ئەو حزبە هاوبەشی حكوومەتە و چەندان پۆستی باڵای لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و پەرلەمان و وەزارەتەكاندا هەیە.

وشە/ سلێمانی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل