"فه‌زائیون" ئه‌و ناوه‌یه كه عێراقییه‌كان له كارمه‌ندانی بندیواریان ناوه كه له كه‌رتی گشتی به واسته و گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل دامه‌زرێنراون، بێ ئه‌وه‌ی بوونیان هه‌بێ له فه‌رمانگه‌كان و ده‌وام بكه‌ن، ئه‌مانه‌یش ژماره‌یان به 300 هه‌زار كارمه‌ند ده‌خه‌مڵێنرێت و قورساییه‌كی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌كاربردنی عێراق دروست كردووه، بێ ئه‌وه‌ی بچووكترین ئه‌ركی فه‌رمانگه‌یه‌ك له عێراق ڕابپه‌ڕێنن.
ماڵپه‌ڕی "گڵۆبال ریسك ئنسایت" له‌وباره‌وه بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه كه‌رتی گشتی له عێراق گه‌وره‌ترین گرفت و كۆسپه له‌به‌رده‌م هه‌ستانه‌وه‌ی دۆخی ئابووری له وڵات، به‌هه‌مانشێوه‌یش چاكسازیكردن و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نادادییه‌كان له‌و كه‌رته‌دا به هه‌نگاوی یه‌كه‌م و سه‌ره‌كی ده‌زانێت، بۆ ڕاستبوونه‌وه‌ی دۆخی لاری عێراق.
فه‌یسه‌ل سوهێل نووسه‌ر و توێژه‌ری عێراقی بابه‌ته‌كه‌ی نووسیوه و ده‌ڵێ، خۆپێشانده‌ران له 2019ه‌وه داوای چاكسازی له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن و به‌رنامه‌كانی حكوومه‌ت ڕێك‌وپێك و گونجاون، به‌ڵام له واقیع بوونیان نییه، لایه‌كی تر بریتییه پشتبه‌ستن به داهاتی نه‌وت و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، گورزێكی كوشنده‌ی له ئابووری عێراق داوه و تووشی په‌تایه‌كی گه‌وره و گرانی كردووه، هه‌ر ئه‌مه‌یش وایكرد به‌هۆی نه‌مانی سیوله حكوومه‌ت به په‌له په‌نا بۆ قه‌رزكردن و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست ببات، تا ئابووری وڵات له هه‌ره‌س ڕزگار بكات.
هه‌موو ئه‌و كێشه و كاره‌ساتانه‌ی ئێسته به‌رۆكی عێراق و ئابوورییه‌كه‌ی گرتووه، خۆی له بێ پلانی و به‌رنامه‌یی كه‌رتی گشتی ده‌بینێته‌وه، به گوێره‌ی ڕاپۆرت و توێژینه‌وه‌كانی حكوومه‌ت، ساڵانه 60%ی پێگه‌یشتووان ده‌بێ له كه‌رتی گشتی ده‌رفه‌تی كاریان بۆ بدۆزرێته‌وه، كه ئه‌مه‌یش قه‌باره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر و گه‌وره‌یه و هه‌موو ساڵ وا ده‌كات زیاتر له 25%ی داهاتی ناوخۆیی له دابینكردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی نوێی كه‌رتی گشتی خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌یش له ماوه‌ی 18 ساڵی ڕابردوو كه‌ڵه‌كه‌ی كردووه و دواجار عێراق گه‌یاندووه به لێواری مه‌رگ و هه‌ره‌سێكی سه‌رتاسه‌ری.
له دوای 2003ه‌وه به لێشاو بندیوار دامه‌زرێنراون
توێژی سیاسی له به‌غدا كه‌رتی گشتییان وه‌ك سیسته‌می ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی لێ كردووه و هه‌موو بێكارێك به‌هۆی پێوه‌ستبوونی به حزب و له ژێر كاریگه‌ری نزیكی له به‌رپرسان و به‌هۆی مه‌زه‌وی و نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر كه‌رتی گشتی دامه‌زرێنراوه، بێ ئه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان پێویستیان پێی هه‌بێ و ئه‌و كه‌سه‌یش ڕۆژێك ده‌وام بكات، ئه‌مه ته‌نیا له سیسته‌می ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و وڵاتانی سیسته‌می سۆشیال بوونی هه‌یه، به‌ڵام تێكه‌ڵی كه‌رتی گشتی نه‌كراوه و بگره سیسته‌م و یاسا و مه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، كه‌چی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕازیكردنی ده‌نگه ناڕازییه‌كان توێژی سیاسی عێراق به لێشاو ساڵانه خه‌ڵكیان دامه‌زراندووه.
داتا و ئاماره‌كان دووپات له بوونی 300 هه‌زار كارمه‌ندی "فه‌زائی" وه‌همی و بندیوار له عێراق ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌یش ئاماژه و به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر ڕوون و ڕه‌وایه كه له ماوه‌ی ڕابردوو حكوومه‌ته‌كانی عێراق به خراپترین شێوه دۆسیه‌ی كه‌رتی گشتیان به‌ڕێوه بردووه و هیچ پلان و ستراتیجێكیان نه‌بووه.
ئێسته هیچ چاره‌سه‌رێك نییه و هیچ حكوومه‌تێك ناتوانێت كه دامه‌زراوان دووربخاته‌وه و مووچه‌یان لێ ببڕێت، چونكه ئه‌مه به خۆكوژییه‌كی سیاسی داده‌نرێ، هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران و حزبێك له عێراق فه‌رمانی بۆ ده‌ربكات و هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی بدات، جیا له‌وه‌یش ساڵانه به گوێره‌ی ڕاپۆرتی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر له 700 هه‌زار هاووڵاتی عێراقی ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی كاركردن و پێویستیان به‌وه‌یه هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێت، كاتێك ئه‌مانه‌یش دانه‌مه‌زرێنرێن، ئه‌وا خۆپێشاندان و گرفت و ناڕه‌زایی دروست ده‌بێت.
باشتری هه‌نگاو بۆ ڕزگاربوون له‌و دۆسیه ترسناكه بریتییه له گرنگیدان به كه‌رتی تایبه‌ت و دۆزینه‌وه‌ی كار له‌و كه‌رته بۆ بێكاران و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری توند له دژی بندیواره‌كان، به‌وه‌ی یان خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و یه‌ك مووچه وه‌ربگرن و له فه‌رمانگه‌یه‌ك كه پێویستی به كارمه‌نده ده‌ست به‌كاركردن بكه‌ن، یانیش مووچه و فه‌رمانی دامه‌زراندنیان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه، به‌مشێوه‌یه ده‌توانرێ له‌گه‌ڵ خانه‌نشینبوونی كارمه‌ندان ئه‌و بندیوارانه له فه‌رمانگه‌كان جێیان بكرێته‌وه و بێ كار و ئه‌رك مووچه له كه‌رتی گشتی وه‌رنه‌گرن.
ساڵانه 700 هه‌زار پێگه‌یشتوو بۆ بازاڕی كار ئاماده ده‌بن و شوێن نییه كاری تێدا بكه‌ن
حكوومه‌تی ئێسته‌ی عێراق به ته‌واوی دركی به مه‌ترسی ئه‌و ئاڵۆزی و بێسه‌روبه‌رییه‌ی كه‌رتی گشتی كردووه و له ماوه‌ی ڕابردوویش مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پرۆژه‌ی چاكسازی "كاغه‌زی سپی" ڕاگه‌یاند، تا به ته‌واوی كار له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه خوار و چه‌وته بكرێ و هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی بدرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر به ڕژدی كار بۆ ڕاسته‌ڕێكردنه‌وه‌ی ئابووری عێراق بكرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ ئاسان نابێ و 2021 له ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه ساڵێكی پڕ كێشمه‌كێشم ده‌بێ له نێوان عێراقییه‌كان.