ته‌مه‌نی گه‌شه‌ی منداڵان، یه‌كێكه له گرنگترین و هه‌ستیارترین قۆناغه‌كانی ژیان كه دایك و باوكان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بن، یه‌كێك له كێشه‌كانی ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، تووشبوونی منداڵه‌كانیانه به نه‌خۆشییه‌كانی ده‌م و ددان، دكتۆر ژیان یه‌حیا تاڵه‌بانی پزیشكی ددان له دیمانه‌یه‌كى "وشه"دا، چه‌ندان زانیاری له‌وباره‌یه‌وه ئاشكرا ده‌كات.
گرنگی ددانه شیرییه‌كان و سه‌ردانی پزیشكی ددان چییه؟
ده‌بێ چوار بۆ شه‌ش مانگ جارێك سه‌ردانی پزیشكی ددان بكرێت بۆ دڵنیابوون له سه‌لامه‌تی ددانه‌كانمان، یان له بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت و پارێزگاری له ددانه‌كه بكرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ددانه شیرییه‌كان گرنگن بۆ نانخواردن و قسه‌كردن و هه‌روه‌ها بۆ ده‌رچوونی ددانه هه‌میشه‌ییه‌كان به شێوازێكی ڕێك و ته‌ندروست.
كه‌ی یه‌كه‌م ددانی شیری ده‌رده‌چێت؟
یه‌كه‌م ددانی شیری له ته‌مه‌نی شه‌ش بۆ نۆ مانگی ده‌رده‌چێت، به پێی شێواز و گه‌شه‌كردنی منداڵه‌كه، هه‌موو ددانه شیرییه‌كان كه ژماره‌یان 20 ددانه، تا ته‌مه‌نی سێ ساڵی ده‌رده‌چن.
كه‌ی ددانه هه‌میشه‌ییه‌كان ده‌رده‌چن؟
ددانی هه‌میشه‌یی له نێوان ته‌مه‌نی شه‌ش بۆ 12 ساڵی ده‌رده‌چێت كه ژماره‌یان 28 ددانه، جگه له چوار ددانی ئه‌قڵیی له ته‌مه‌نی دوای 18 ساڵییه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، بۆیه ده‌بێ پارێزگاری له ددانه هه‌میشه‌ییه‌كان بكرێت و سه‌ردانی پزیشكی ددان بكرێت بۆ ئاگاداربوون له هه‌بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك و چاره‌سه‌ركردنی پێشوه‌خته‌ی و له‌ناو نه‌چوون و تێكنه‌چوونی، چونكه ئه‌و ددانانه بۆ ته‌واوی ته‌مه‌ن له‌گه‌ڵمان ده‌مێننه‌وه.
ده‌بێت كه‌ی ددانی منداڵه‌كانمان بشۆین؟
پێش ده‌رچوونی ددانه‌كان، ده‌بێ دوای هه‌موو شیرخواردنێك پووك و ده‌می منداڵه‌كانمان پاك بكرێته‌وه به پارچه‌یه‌ك ده‌سته‌سڕی ته‌ڕ و پاك بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له:
1. دروستبوونی كێشه‌ی پووك بكه‌ین.
2. كۆبوونه‌وه‌ی به‌كتریای زیانبه‌خش كه له داهاتوودا كێشه بۆ ددانه‌كان دروست ده‌كه‌ن، دوای ده‌رچوونی یه‌كه‌م ددانی شیری ده‌بێ ده‌ست بكه‌ین به شووشتن و پاككردنه‌وه‌ی به به‌كارهێنانی فڵچه و هه‌ویری تایبه‌ت به منداڵان.
تیشكی ددان بۆ منداڵان ته‌ندروسته؟
وه‌ك ده‌بیستین كه دایك و باوكان ده‌ترسن تیشكی ددان بۆ منداڵه‌كانیان بگرن، تیشكی ددان هیچ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر منداڵ دروست ناكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی به‌كار دێت بۆ گرتنی تیشكه‌كه زۆر كه‌مه، بۆیه زۆر گرنگه له كاتی دوا كه‌وتنی ده‌رچوونی ددانه شیرییه‌كان و هه‌میشه‌ییه‌كان، تیشكی ددان بگیرێت بۆ دڵنیابوون له هه‌بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك، هه‌روه‌ها له كاتی ڕوودانی هه‌ر ڕووداوێك وه‌ك كه‌وتن، ده‌بێ تیشكی ددان بگیرێت بۆ دڵنیابوون له ته‌ندروستی پووك و ده‌مار و ددانه‌كه.
په‌نجه‌مژین چییه؟
په‌نجه مژین له منداڵدا خوویه‌كی خراپه، هۆی پهنجهمژینیش وه‌ك ڕێیه‌ك بۆ ئارامبوون و ڕزگاربوون له ترس و هێوربوونه‌وه، منداڵ ئه‌و كاره ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م خووه به‌رده‌وام بێت تا دوای ته‌مه‌نی چوار ساڵی و ده‌رچوونی ددانه هه‌میشه‌ییه‌كان، به شێوه‌یه‌كی نه‌گونجاو شه‌ویلگه‌ی سه‌ره‌وه‌ی یان مه‌ڵاشووی پێ ده‌گات، ده‌بێته هۆكاری جووت نه‌بوونی ددانه‌كان له به‌شی پێشه‌وه و كێشه‌ی ئاخاوتن و ڕووخساری بۆ دروست ده‌بێت.
ڕێنوێنیت چییه بۆ وازهێنان له‌م خووه؟
هێمنبوونه‌وه و هێوركردنه‌وه‌ی منداڵه‌كه له كاتی تووڕه‌بوون و بێ تاقه‌تبوون، بۆ ئه‌وه‌ی په‌نا نه‌بات بۆ په‌نجه‌مژین، به‌كارهێنانی ده‌ستكێشی تایبه‌ت بۆ وازهێنان له‌م خووه، هه‌روه‌ها سه‌ردانی پزیشكی ددان بكه‌ن بۆ ئاگاداربوون له شێوازی دروستبوونی شه‌ویلگه‌ی منداڵه‌كه.