د. دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كێتی ئه‌وروپا، له چاوپێكه‌وتنێكی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر هاوكاری و هاوئاهه‌نگی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت، "یه‌كێتی ئه‌وروپا رۆڵی به‌رچاوی هه‌یه له سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان".
-یه‌كێتی ئه‌وروپا چۆن ده‌ڕوانێته هه‌رێمی كوردستان و رۆڵی هه‌رێم له ناوچه‌كه‌دا؟
یه‌كێتی ئه‌وروپا به گرنگی ده‌ڕوانێته هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌رێمیكی كارتێكه‌ر و خاوه‌ن بڕیار كه ده‌توانێ رۆڵێكی به‌رچاو له دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش له ناوچه‌كه بگێڕێ، بۆ په‌ره‌پێدانی به‌ها دیموكراسییه‌كان پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئێسته پێوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
-رۆڵی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌ت پرسی بودجه‌ی ساڵی 2021 چی بوو؟
له دوایین راگه‌یه‌نراوی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا كه تایبه‌ت به عێراق بوو، داوا كرا كه پشتگیریی دانوستاندنه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن. دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ بكرێن و سه‌رجه‌م پێكهاته گرنگه‌كانی عێراق به‌شدار بن له پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق، ده‌بێ خاڵه ناكۆكه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن.
-ئێسته یه‌كێتی ئه‌وروپا هیچ ئۆفیسێكی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه؟
به‌ڵێ یه‌كێتی ئه‌وروپا سێ ئۆفیسی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه كه له بواری جیاجیا له‌گه‌ڵ داوده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێم كار ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش بریتین له ئۆفیسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ئاسایشی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئۆفیسی هاوكاری مرۆڤی یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌روها ئۆفیسی په‌ره‌پێدان و هاوكاری یه‌كێتی ئه‌وروپا.
-له باره‌ی ئاواره‌كان و پڕۆژه‌كان چی كردووه بۆ هه‌رێم؟
ئه‌و پڕۆژانه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ عێراق بڕیاری له‌سه‌ر داون، تایبه‌تن به هاوكاری په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان، زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به دوو پڕۆژه‌ی گرنگ بكه‌ین به ناوی مه‌داد و قودره.
-له باره‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده یه‌كێتی ئه‌وروپا چی كردووه بۆ هه‌رێمی كوردستان؟
یه‌كێتی ئه‌وروپا له زۆر رووی تر هاوبه‌ش و هاوكاری هه‌رێمی كوردستانه، له هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێمی كوردستان كاری دروستكردنی و نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه و قوتابخانه‌ی ئه‌نجام داوه، جێده‌ستیان له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو كه‌رته هه‌یه.
-له باره‌ی رێكخراوه‌كانه‌وه یه‌كێتی ئه‌وروپا چۆن هاوكاری هه‌رێم ده‌كات؟
به‌شێكی تری سه‌ره‌كی هاوكاری یه‌كێتی ئه‌وروپا، له رێی رێكخراوه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن و یه‌كێتی ئه‌وروپا سپۆنسه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و رێكخراوانه‌یه له رووی داراییه‌وه.
-له رووی خوێندنی باڵا و دانانی كورسی بۆ هه‌رێمی كوردستان كار كراوه؟
به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه، پێشتر له رووی دابینكردنی كورسی خوێندی باڵا هاوكاری هه‌رێمی كوردستانی كردووه، ئێسته له رێی پرۆگرامی ئێراسموس، به‌شێك له هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
-له بواری ئاسایشی هه‌رێم یه‌كێتی ئه‌وروپا گرنگی به هه‌رێم داوه؟
له رووی ئاسایش و سه‌قامگیری یه‌كێتی ئه‌وروپا به شێوازكی چالاكانه به‌شداره، به‌تایبه‌تی له ده‌ستپێكی هێرشی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به بڕیارێكی گرنگی سه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، پشتگیریی خۆیان بۆ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، وڵاتانی ئه‌ندامیان سه‌رپشك كرد به پێدانی هاوكاری سه‌ربازی به هێزی پێشمه‌رگه.
-له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا چی كراوه؟
له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له بارودۆخه جیاجیاكان، به ده‌ركردنی بڕیار و پڕۆژه‌یاسا پاڵپشتی له هه‌رێمی كوردستان كراوه و به‌رپرسانی باڵای هه‌رێم به فه‌رمی بانگێشتی په‌رله‌مان كراون.
دیمانه/ هۆشیار عه‌لی