وەزارەتێكی حكوومەت دەرفەت بۆ كۆمەڵێك كەس ڕادەگەیەنێت

:: AM:08:57:14/04/2021 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، خولێكی ڕاهێنان بەناونیشانی چۆن دەبین بە خاوەن پڕۆژەی خۆمان، چۆن پەرە بە پڕۆژە بچووكەكانمان بدەین، دەكرێتەوە و بڕێك پارەش بۆ هاتوچۆی بەشداران خەرج دەكرێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی نیسان، ئاریان ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتی سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان، هەڵدەستێ بە كردنەوەی خولێكی ڕاهێنان بەناونیشانی چۆن دەبین بە خاوەن پڕۆژەی خۆمان و چۆن پەرە بە پڕۆژە بچووكەكانمان بدەین.

ئەم خولە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت
زیاتر گوتی، ئەو خولە بۆ ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێ ببن بە خاوەن پڕۆژەی خۆیان، یان خاوەن پڕۆژەن و دەیانەوێ پەرە بە كارەكانیان بدەن، ئەم خولە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

باسی لەوەش كرد، خولەكە بەخۆڕاییە و میتۆدی خول بۆ بەشداران دابین دەكرێت و بڕێك پارە بۆ هاتوچۆیان خەرج دەكرێت.

كردنەوەی ئەو خولە لە كاتێكدایە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگی زۆر بە كەرتی تایبەت دەدات تا لاوان و گەنجان بتوانن دەرفەتی كاری تێدا بە دەست بهێنن.



وشە - رامیار جەواد