جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئیدانەی کردەوە تیرۆرستییەکەی دوێنێی شارۆکەی سەدر دەکات و هۆشداریش لە گەڕانەوەی کردەوەی تیرۆرستی له عێراق دەدات.
ئهمڕۆ ههینى 16ى نیسان، بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە کۆپییەکی دهست "وشه" كهوتووه، تێیدا هاتووه، "بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە دهكهین کە ژمارەیەک هاووڵاتیی بێ تاوانی لە یەکێک لە بازاڕە میللیەکانی شارۆکەی سەدر لە بەغدا کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە 20 هاووڵاتیی تریش بریندار بوون".
ئاماژه دراوە، "نیگەرانی خۆمان لە بەرانبەر ئەو کردەوە تیرۆرستییە ترسنۆکانە دەردهبڕین و هۆشداریش لە گەڕانەوەی کردەوە تیرۆرستییەکان دهدهین، لە کاتێک دا ئەگەر کار نەکرێت بۆ نەهێشتنی کەمووکوڕییەکان و لێپێچینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم".
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لە بەرپرسی هێزە تهناهییهكان و فهرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کردووه کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاسایش بکەن و هەنگاوی پێویست هەڵبگرن بۆ دابینکردنی ئەمن و ئاسایش لە وڵات و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
دوای ئەوەی دوێنێ تەقینەوەیەكی گەورە لە بازاڕێكی ناوچەی حەبیبییە لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا ڕووی داوە له ناوچەی سەدر، شانەی ڕاگەیاندنی تەناهی دوایین زانیاری ئاشكرا كرد، "تەقینەوەكە بەهۆی ئۆتۆمبێڵێكی پڕ لە تەقەمەنی بووە و شوفێرەكەیشی كوژراوە. تەقینەوەكە بووەتە هۆی كوژرانی چوار هاووڵاتیی و برینداربوونی 22ی تر و سووتانی پێنج ئۆتۆمبێڵ."