قەرەقووش.. پایتەختی مەسیحییەكان


شارۆكەی قەرەقووش كە دوێنێ چوارشەم بە شێوەیەكی تەواو ئازاد كرا، گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوونی مەسیحییەكانی عێراقە.

قەرەقووش ناوجەرگەی حەمدانییە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵەوە دوورە، لە ماوەی ڕۆژانی سێشەم و چوارشەم، لەلایەن سوپای عێراقییەوە بە پشتیوانیی بۆمبارانكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، شەڕی تێدا بووە و دواجار توانرا بە تەواوی لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش خاوێن بكرێتەوە.

پێش ئەوەی داعش بچێتە ناوچەكە، لە شارەدێی قەرەقووش زیاتر لە 70 هەزار هاووڵاتیی مەسیحی دەژیان، بەڵام نزیكی هەموویان هەڵاتن و زۆربەیان هاتنە هەولێر و دهۆك لە ناو مەسیحییەكانی كوردستان نیشتەجێ بوون.

بونوا فەرەج كامورا سەرۆكی دەستەی برایان (مەسیحی) لە عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاند: قەرەقووش پایتەختی نوێی مەسیحییەكانی عێراق بوو، چونكە تاكە شوێن بوو كە زۆرترین مەسیحی لە شوێنێكدا تێدا مابێتەوە و ناسنامەی نەگۆڕابێت، ئەو شارە بۆ ئێمە هێمای ئاینی و مێژوویی بەهێزی هەبوو.



رۆژی سێشەم كە هەواڵی نزیكبوونەوەی ئازادكردنەوەی قەرەقووش بڵاو كرایەوە، كەنیسەی "مار شیمۆن" لە شارەدێی عەینكاوە، مەسیحییەكانی كوردستان و ئەو مەسیحییانەی قەرەقووشەوە هاتوون، ئاهەنگێكیان ساز كرد و بە نوێژ و مۆم داگیرسان، نزایان بۆ كردەوەگەلەكە كرد و بە ڕۆژێكی موبارەك ناویان برد.

مەسیحییەكانی قەرەقووش، ڕەگێكی مێژوویی درێژیان هەیە، دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئارامییەكان، لە سەدەی یازدە و دوازدەی زاینی، بەهۆی جەنگەوە، كاتێك مەسیحییەكانی تكریت دەردەكرێن كە سریانین، بەرەو قەرەقووش دەڕۆن و دەبنە پێكهاتە و ڕەگێتی تری شارەكە. بەپێی كتێبە مێژوویییەكان، تەمەنی ئەو شارە بۆ ئاشوورییەكان دەگەڕێتەوە و لەلایەن "نەمروود"ەوە دروست كراوە.

لەسەر داوای ڤاتیكان، هێزە هاوپەیمانەكان بە هۆشیارییەوە هێرشیان بۆ سەر شاری قەرەقووش كرد، بۆیە ماوەی دوو ڕۆژی ویست تا لەگەڵ سوپای عێراق لە دەست داعش ڕزگاریان كرد، هۆكارەكەشی بۆ ئەو شوێنە مێژوویییانە دەگەڕێتەوە كە لە شارەكەدا هەن.

شارەدێی قەرەقووش كە مەسیحییەكان "بەخدیدا"شی پێ دەڵێن، ناوەندی حەمدانییەیە، دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ، تەنیا 12 كم لە ناوجەرگەی شارەكە دوورە، لە ساڵی 2014 كە چەكدارانی داعش مووسڵی داگیر كرد، حەمدانییەشی گرتووە، شارەدێی "قەرەقووش" ناوجەرگەی ئەو شارۆكەیەیە كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردانی ئێزیدی و شەبەكن لەگەڵ مەسیحی، توركمان و عەرەب. جگە لەو شارەدێیە، بەرتەلە، كرملیش و بەعشیقە لەخۆ دەگرێ.



لەناو شارەدێی بەخدیدا حەوت كەنیسەی مێژوویی لێیە: كنیسەی ئەلتاهیرەی كۆن، كەنیسەی ئەلتاهیرەی مەزن، كەنیسەی سەركیس و باكوس، كەنیسەی مار یەعقووب، كەنیسەی ما زینا، كەنیسەی مار كوركیس و كەنیسەی قەدیسە سمونی

لە ڕووی جوگرافییەوە گرنگی ئەو ناوچەیە لەوەدایە، ئەگەر بە تەواوی ئازاد بكرێ، ڕێگەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ ئاسان دەبێ، بۆیە پلانی سەرەكی و سەرەتای كردەوەگەلەكە ئەوەیە كە زوو ئەو ناوچەیە لە دەست تیرۆریستانی داعش خاوێن بكرێتەوە.

لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە یەكێكە لە ناوچە زەنگینەكانی عێراق بە نەوت، داعش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، نەوتی ئەو ناوچەیەی لە ڕێی قاچاخەوە فرۆشتووە و بەشێكی زۆری داهاتەكەی لەسەر بووە.

لە 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی 60 هەزار چەكداری سوپا و پۆلیسی عێراق، قەرەقووشیش وەك شاری مووسڵ كەوتە دەست تیرۆریستان، رۆژی دووشەمیش 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر دوای دوو ساڵ و زیاتر لە چوار مانگ هێرش بۆ رزگاركردنەوەی شارەكە و وەدەرنانی تیرۆریستان دەستی پێ كرد.


وشە - كوردۆ شابان


AM:09:57:20/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 1815 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌