لە هەولێر هیچ حزبێك كاندیدی بۆ هەڵبژاردن نییە

:: AM:11:35:18/04/2021 ‌
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری داوە، تا یەكی ئایار وادەی تۆماری هاوپەیمانییەكان و لیستی كاندیدەكان درێژ بكاتەوە، تا ئێستەیش لە هەولێر هیچ حزبێك ناوی كاندیدی پێشكەش نەكردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی نیسان، عەبدولڕەزاق موشیر بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادرنەكانی عێراق، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بڕیاری دا، هەردوو وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێران و تۆماركردنی هاوپەیمانییە سیاسییەكان، یەكبخات و تا یەكی ئایار بەردەوام بێت.

تەنیا چەند كاندیدێكی سەربەخۆ ناویان تۆمار كراوە.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن گوتی، ئەم درێژكردنەوەیەش بە هۆی ئەو داواكارییانەی پێیان گەیشتووە لەلایەن ژمارەیەك لە حزبە سیاسییەكان، بە ئامانجی تەواوكردنی رێكارەكانی بەربژێری لە ماوەی رۆژانی داهاتوو، هەروەها كردنەوەی بوار لە بەردەم حزبە نوێیەكان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت.

باسی لەوەش كرد، تا ئێستە هیچ حزب و لایەنێك ناوی كاندیدی پێشكەشی لقی هەولێری كۆمسیۆن نەكردووە، تەنیا چەند كاندیدێكی سەربەخۆ ناویان تۆمار كراوە.

بڕیارە 10ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە هەرێمی كوردستاندا تا ئێستە هیچ حزبێك خۆی یەكلا نەكردووەتەوە بەشداری لە چەند بازنەی هەڵبژاردن دەكات و چەند كاندیدی دەبێت.





وشە - رامیار جەواد