بەڵێنی سەرۆكی حكوومەت بۆ كەمئەندامان جێبەجێ‌ دەكرێت

:: AM:11:37:18/04/2021 ‌
دوای خۆپێشاندانی كەمئەندامان لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، نووسراوێكی فەرمی  بۆ زیادكردنی مووچەی كەمئەندامان بەرز دەكرێتەوە. سكرتێری یەكێتـی كەمئەندامانیش دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس دەكرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێ‌.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی نیسان، بەپێی نووسراوێكی كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كە بۆ "وشە" هاتووە، داواكارین لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی پێشان بدەن لە مانگی ڕەمەزاندا مووچەی زیاتر بدرێت بە كەمئەندامان.

سامان حوسێن سكرتێری یەكێتی كەمئەندامان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە خۆپێشاندانی هەفتەی ڕابردووی بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، بەڵێنی ئەوەمان پێ درا كە ئەم مانگە مووچەمان بە زیاتر پێ‌ بدەن و ئەمڕۆش وەزیری كار نووسراوی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كردەوە.

زیاتر گوتی، بەڵێنمان پێ‌ دراوە لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری لەسەر بدرێ‌ و كەمئەندامان لە مووچەی خۆیان زیاتر وەربگرن، ئەوەش ئەو بەڵێنەیە كە پێمان دراوە لەلایەن سەرۆكی حكوومەت.

لە هەرێمی كوردستاندا 96 هەزار مووچەخۆری كەمئەندام هەن كە مووچەكەیان لە نێوان 100 بۆ 150 هەزار دینارە.






وشە - رامیار جەواد