بۆ راكێشانی سەرنجی گەشتیاران كوتان دژی كۆرۆنا دەكاتە خۆڕایی

:: AM:11:45:18/04/2021 ‌
ویلایەتی ئالاسكای ئەمەریكا بۆ راكێشانی سەرنجی گەشتیاران، بڕیاری دا لە فڕۆكەخانە و ناوچە سنوورییەكانی، هەموو ئەو كەسانە بە خۆڕایی بكوتێت كە سەردانی ویلایەتەكە دەكەن.

مایك دانلوی سەرۆكی ویلایەتی ئالاسكا گوتوویەتی، ئەو رێوشوێنەی گرتوویەتەبەر، هەم بۆ ویلایەتەكە باشە كە لە هاویندا گەشتیارێكی زۆر رووی تێدەكەن، هەمیش بۆ گەشتیاران باشە كە بێ بەرانبەر دەتوانن سوود لە پێكوتە وەربگرن.

بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە لە فڕۆكەخانەی ئالاسكا هەڵمەتی كوتانی گەشتیاران دەست پێ بكات. ویلایەتەكەش گوتوویەتی، پێكوتەی پێویست بۆ كوتانی هاووڵاتییان و گەشتیارانی لە بەردەستدایە.

ئەوانەش كە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەچنە ئالاسكا لە فڕۆكەخانە دەكوترێن.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، ئۆفەرەكە تەنیا بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریكا نییە كە لە ویلایەتەكانی ترەوە گەشتی ئالاسكا دەكەن، بەڵكو ئەوانەش كە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەچنە ئالاسكا لە فڕۆكەخانە دەكوترێن.

ویلایەتەكە لە كاتێكدا ئەو بڕیارەی داوە كە زۆر وڵاتی تر مەرجی ئەوەیان بەسەر گەشتیاراندا سەپاندووە بێ ئەوەی كوترابن، بۆیان نییە سەردانی وڵاتەكە بكەن.

پێشبینی دەكرێ گەشتیارێكی زۆر لە وڵاتان سەردانی ئالاسكا بكەن و بەم گەشتەشیان دوو ئامانج بپێكن، لەلایەك شوێنە گەشتیارییەكانی ویلایەتەكە بەسەر بكەنەوە و لەلایەكی تریشەوە خۆشیان لە مەترسییەكانی كۆرۆنا رزگار بكەن.



وشە - سلێمان تاشان