بوومەلەرزەیەكی بەهێز دوو پارێزگای ئێرانی هەژاند

:: PM:12:00:18/04/2021 ‌
كەمێك پێش ئێستە بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.9 پلە بە پێوانەی ریختەر، هەردوو پارێزگای فارس و بووشەهری ئێرانی هەژاند و پێشبینی دەكرێت زیانی بەدواوە بێت.

سەنتەری بوومەلەرزەزانی دامەزراوەی جیۆفیزیای زانكۆی تاران بڵاوی كردەوە، ناوەندی بوولەمەرزەكە نزیك بەندەری گوناوە بووە لە پارێزگای بووشەهر لە باشووری ئێران، لە قووڵایی 10 كیلۆمەتری زەوی رووی داوە.

گوڕی بوومەلەرزەكە ئەوەندە بەهێز بووە، تەنانەت لە شیراز خەڵك لە ماڵەكان هاتوونەتە دەرەوە. كاتی روودانی بوومەلەرزەكە 11:11 خولەك بە كاتی تاران بووە.

بەگوێرەی ئیرنا، تیمەكانی فریاكەوتن لەو دوو پارێزگایە دەستیان بە چالاكییەكانیان كردووە بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێك باڵەخانەیەك رووخابێت، بتوانن فریای هاووڵاتییان بكەون.

بەهۆی بوومەلەرزەكە، هێڵەكانی كارەبا، تەلەفۆن و ئێنتەرنێت پچڕاون


بەهۆی بوومەلەرزەكە، هێڵەكانی كارەبا، تەلەفۆن و ئێنتەرنێت پچڕاون، لە پارێزگای خووزستانیش هەست بە بوولەمەرزەكە كراوە كە لەگەڵ عێراق هاوسنوورە.

پێویستە بگوترێ زۆر لە پارێزگاكانی ئێران بە تایبەتی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەسەر هێڵی بوومەلەرزە هەڵكەوتوون و ساڵانە چەندان بوومەلەرزەی بەهێز لەو ناوچەیە روو دەدەن.

بەهێزترین بوومەلەرزە بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، كاتێك لە پارێزگای كرماشان دەیان هەزار باڵەخانەی وێران كرد و هەزاران كەسی كوشت. ئەوكات گوڕی بوومەلەرزەكە 7.2 بە پێوانەی ریختەر بوو.


وشە - سلێمان تاشان