حكوومەت كێشەی مامۆستایانی وانەبێژی چارەسەر كرد

:: PM:08:23:18/04/2021 ‌
نوێنەری دەستەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێم كۆبوونەتەوە و ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەربڕیوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 18ی نیسان، كارزان فیزیك نوێنەری دەستەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مامۆستایانی ناڕازی نیازی گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان هەبوو، بەوپێیەی وانەبێژان توێژێكی مافخوراون.

زیاتر گوتی، بەڵام دوای ئەوەی دەستەكەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم كۆبووەوە، بەڵێنی تەواوی بەدواداچوونی كێشەكەمانی داوە كە خۆی لە بە هەمیشەییكردن و دامەزراندن بە گرێبەست دەگرێتەوە.

دووپاتی كردەوە، لەسەر داوای وەزیری پەروەردەی و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا خۆپێشاندانیان دواخستووە.

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 18 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، پێشتر حكوومەتی هەرێم بڕیاریدا بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست، چاوەڕواندەكرا مامۆستایانی وانەبێژ بكرێنە گرێبەست، بەڵام هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت، ئەو پرۆسەیەی ڕاگرت.

بە گوتەی نوێنەرەكەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم بەڵێنی داوە لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی هەرێم مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم