كەركووك.. ڕووداوەكانی توندوتیژیی خێزانی ڕوویان لە زیادبوونە

:: AM:09:49:19/04/2021 ‌
ڕووداوەكانی توندوتیژیی خێزانی لە پارێزگای كەركووك، تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکەن و زۆربەی دۆسیەكانیش گەیشتوونەتە دادگا و تا ئێستە یەكلا نەبوونەتەوە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی پیاوان لەو پارێزگایە دەسەڵات و پارە لە بەرانبەر شاردنەوەی تاوانەكانیان بەكار دەهێنن و بەرپرسانی تەناهیش هیچ دەسەڵاتێكیان نەماوە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی نیسان، نەقیب نەجات عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندن لە پۆلیسی فیدراڵی عێراقی پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی پۆلیسی كۆمەڵگەیی كە بە ئێمە دراوە، ئامارەكەیش تەنیا پشتی بەو ڕووداوانەی تۆمار كراوە لە دادگا و لە بنكەكانی پۆلیس، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2021دا، 130 دۆسیەی توندوتیژیی خێزانی له پارێزگای كەركووك هەبوون”.

ڕوونی كردەوە، "بە درێژایی هەموو ساڵی ڕابردوو 394 دۆسیەی توندوتیژی خێزانی لە پارێزگای كەركووك هەبوون، تەنیا 63 دۆسیەیان لە دادگاكان یەكلا بوونەتەوە".

لای خۆیەوە پارێزەر هێڤار عەبدولڕەحمان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "زیادبوونی دۆسیەكانی توندوتیژی خێزانی لە كەركووك و عێراق، لە كاتێكدایە کە پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، چەندان مانگە رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوه، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی پڕۆژەی دارایی نییە، تا ئێستە پەسەند نەكراوە".

هێڤار عەبدولڕەحمان گوتی، "پێویستە لە پارێزگای كەركووك، پەناگەی تایبەت بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو هەبێت، چونكە تا ئێستە نییە، هەروەها پێویستمان بە دامەزراندنی دادگای تایبەت بۆ كەیسی توندوتیژی و دیاریكردنی سزادانی ئەوانەی توندوتیژی دەكەن، دەبێت".

ئاماژەی كرد، "زۆربەی دۆسیەكانی توندوتیژیی خێزانی لە كەركووك، سكاڵاكانیان نزیكەی ساڵێكە لە دادگایە و ژنان ئومێدی زۆریان بە دادگا و یاسا و پۆلیس نەماوە، چونكە پێیان وایە ناسینی كەسانی دەسەڵاتدار لەلایەن هاوسەر یان براكانیان، بووەتە هۆی یەكلانەبوونەوەی كێشەكانیان لە دادگا، زۆربەی دۆسیەكانی توندوتیژی بە پێدانی بەرتیل دادەخرێت یان ڕادەگیرێت".

وێبسایتی (النبا) كە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی ناو دادگاكان بەستووە، هەندێك زانیاری تایبەتی بە شێوەیەكی گشتی لەسەر توندوتیژی خێزانی لە عێراق بڵاو كردووەتەوە كە جێی سەرنج و بەدواداچوونن، تێیدا هاتووە، تەنیا لە ماوەی نۆ مانگی ساڵی 2020دا، حەوت هەزار و 445 حاڵەتی توندوتیژی تۆمار كراوە، 38 یان كوژراون، 166 سووتان، شەش هەزار و 987یان ئەشكەنجە و ئەنجامدانی توندوتیژییە. ئەمساڵیش بە بەراورد بە ساڵی 2020، توندوتیژی دژ بە ژنان بە ڕێژەی 28.9% بەرز بووەتەوە.


وشە - محەمەد میران