تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی كە كۆمەڵە پزیشكێكی سلێمانی لەخۆ دەگرێت، هۆشداری بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دەدات كە چارەسەری نەخۆش لە نەخۆشخانەكان باشتر بكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 19ـی نیسان، لە ڕاگەیەنراوێكی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیدا هاتووە، دۆخی چارەسەركردنی نەخۆشەكانی كۆرۆنا زۆر خراپە، تۆڕەكەمان بە تایبەتی نیگەران و ناڕەحەتە لە دۆخی نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن.
تەنیا 48 سەعات كاتیان هەیە
باس لەوەش كراوە، بۆ نموونە نەخۆش مردووە بەبێ ئەوەی كە پزیشكی لێ بێ بۆ كاری فریاگوزاری و بووژانەوە، بۆیە هۆشداری دەدەینە تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەكە كە ئەگەر ئەو دۆخە خراپە چاك نەكەن، ئەوا هەموو زانیارییەكان بە وردەكارییەوە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی و تەنیا 48 سەعات كاتیان هەیە.
ساوێن حوسێن پزیشكی پسپۆڕییەكانی دڵ، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، مەرج نییە ئەوەی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی بڵاوی كردووەتەوە هەمووی ڕاست بێت، بەڵكو پێویستە بەدواداچوون بكرێت لەسەر ئەوەی كە كەموكوڕی هەیە.
ئەو پزیشكە گوتی، كارمەندانی ناوەندەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، زۆر جوامێرانە كاری خۆیان دەكەن، بەڵام بوونی هەڵە و كەموكوڕیش هەبووە لەو كاتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بووەتەوە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی، بەدواداچوونێكی ئاشكرا لەسەر داواكاریی ئەو پزیشكانە بكات.