ئەمەریكا چی لە جەنگی ئەفغانستان قازانج كرد؟

:: PM:04:20:19/04/2021 ‌

هەردوو سەرۆكی ئێستە و پێشووی ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی سەربازانی وڵاتەكەیان لە ئەفغانستان دا، بڕیارە لە ئەیلوولی داهاتوو سوپای ئەمەریكا لە ئەفغانستان پاشەكشە بكات، ئەمەریكا لە تشرینی یەكەمی 2001 ئەفغانستانی داگیر كرد، دوای رەتكردنەوەی بزووتنەوەی تالیبانی فەرمانڕەوا لە ئەفغانستان بە رادەستكردنی ئوسامە بن لادن، سەركردەی رێكخراوی قاعیدە كە بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001 لە ئەمەریكا راگەیاند و بووە هۆی كوژرانی نزیكەی سێ هەزار كەس، ئێستەیش دوای 20 ساڵ، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا، 11ی سێپتێمبەری 2021ی دیاری كرد بۆ كشانەوەی هێزەكانی لەو وڵاتە.

ئەمەریكا بۆچی ئەفغانستانی داگیر كرد؟
بەپێی پێوەرەكانی نەهێشتنی تیرۆری نێودەوڵەتی هێزەكانی ئەمەریكا ئامانجیانی پێكاوە
چوونی سوپای ئەمەریكا بۆ ئەفغانستان لە چوارچێوەی جەنگ لە دژی تیرۆر هات، كە جۆرج دەبڵیو بۆش، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا بە مەبەستی لەناوبردنی تیرۆر لە دنیا جەنگەكەی دەست پێ كرد، ئەو جەنگەی تا ئێستە بەردەوامە و بووەتە هۆی كوژران و برینداربوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان كەس لە سەرانسەری دنیا، لە ساڵانی 1996 تا 2001 رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە توانی بوونی خۆی لە ئەفغانستان بەهێز بكات و بە سەرۆكایەتی ئوسامە بن لادن دەیان سەربازگەی راهێنانی لەوێ دروست كرد، وەك (بی بی سی)، ئاماژەی كردووە، رێكخراوەكە لەوێ تاقیكردنەوەی گازی ژەهراوی لەسەر سەگ ئەنجام داوە و راهێنانی بە 20 هەزار خۆبەخش لە سەرانسەری دنیا كردووە، لە 1998 هێرشی كردە سەر باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا لە كینیا و تەنزانیا و بەوهۆیەوە 224 كەس كوژران. 

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی چالاكییە تیرۆریستییەكانی قاعیدە، لەلایەن حكوومەتی ئەفغانستانەوە دەپارێزرا، كە بزووتنەوەی تالیبیان بە سەرۆكایەتی مەلا عومەر بەڕێوەی دەبرد، لە 1995 دوای كشانەوەی سوپای رووسیا و ساڵانێك لە جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەمەریكا لە رێگای سعوودیەوە هەوڵی دا تالیبیان قاعیدە دەربكات، بەڵام رەتی كردەوە، بۆیە دوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەر لە 2001، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوای لە تالیبیان كرد بەرپرسان لە هێرشەكە رادەست بكات، دووبارە رەتی كردەوە.

دوای مانگێك هێزێكی ئەفغانستانی نەیار بۆ تالیبان بەناوی (هاوپەیمانی باكور)، بە پاڵپشتیی هێزەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا هەڵیان كوتایە سەر كابوولی پایەتەخت و بزووتنەوەی تالیبان لە دەسەڵات دەركرا و قاعیدەیش بەرەو پاكستان هەڵات، بەپێی راپۆرتەكە بەرپرسانی باڵای تەناهی دووپاتیان كردەوە كە لەو ساتەوە تا ئێستە هیچ هێرشێكی تیرۆریستی نێودەوڵەتی سەركەوتوو لەو وڵاتە پلانی بۆ دانەنراوە، بۆیە بەپێی پێوەرەكانی نەهێشتنی تیرۆری نێودەوڵەتی بوونی سەربازیی و تەناهی ئەمەریكا و رۆژئاوا لەو وڵاتە سەركەوتوو بووە ئامانجەكانی پێكاوە.

جەنگێكی بێ كۆتایی و خەرجییەكی زۆر 

جەنگی ئەفغانستان لە واشنتن بە (جەنگی تاهەتایی) وەسف دەكرێت، لە راپۆرتێكی گۆڤاری "میلیتەری تایمز"ی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات، خەرجیی جەنگی ئەفغانستان زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار بووە، جیا لە كوژرانی 240 هەزار كەس، ئەوەیش لەسەر بنەمای زانیارییەكانی پنتاگۆن، ئەو بڕە تێچووی رەوانەكردن و گەڕاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا و ئەو پارەی وەزارەتەكانی بەرگری و دەرەوە لە ئیدارەدانی جەنگ و ململانێكان و چارەسەركردنی بریندارانی سوپا خەرجیان كردووە، دەگرێتەوە، بەڵام ئەو بڕە پارە ناگرێتەوە لە چاودێریكردنی شەڕكەرە كۆنەكان لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكا تا لە ژیاندا ماون خەرج دەكرێت، بە هەمان شێوەی سوودەكانی سەر ئەو قەرزانەی كراون. 

بەپێی راپۆرتەكەی (بی بی سی)، تا 2018 خەرجی ساڵانەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان 45 ملیار دۆلار بووە، بەپێی پنتاگۆنیش كۆی خەرجییە سەربازییەكان لە ئەفغانستان لە 2001ەوە تا 2019 گەیشتووەتە 778 ملیار دۆلار. جیا لەوە لە 2002ەوە ئەمەریكا 143.27 ملیار دۆلاری لە ئاوەدانكردنەوەی ئەفغانستان و دامەزراوەكانی حكوومەت خەرج كردووە، لەوانە بنیاتنانی سوپا و پۆلیس، هەرچی زیانی گیانی بووە، جیا لە كوژرانی زیاتر لە 241 هەزار كەس لە ماوەی ئەو 20 ساڵە، ئەمەریكا لەو ماوەیەدا 2300 سەربازی كوژراوە و 20660 سەربازیشی برندار بووە، لەوكاتەی زیاتر لە 64100 هەزار سەرباز و پۆلیسی ئەفغانستانی كوژراون.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل