گومان له‌وه‌دا نییه زۆرینه‌مان ناوی حه‌لاج و چیرۆكی خاكیبوون و خواپه‌رستی حه‌لاجمان بیستووه و زۆرێك له دێڕه شیعره‌كانی حه‌لاجیش له‌لایه‌ن سترانبێژه‌كان كراون به گۆرانی و ده‌گوترێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پیاوه نزیكه‌ی 800 ساڵ پێش ئێسته ژیاوه، به‌ڵام تا ئێسته‌یش جێی گفتوگۆ و مشتومڕی زۆرێك له خه‌ڵك و توێژه‌رانه و هه‌ندێك به باوكی سۆفیگه‌ری و هه‌ندێكی تریش به بێباوه‌ڕ ناوی ده‌به‌ن و ئه‌و سزا قورسه‌ی به‌سه‌ریشی سه‌پێنرا به شایسته‌ی ده‌زانن.
به گوێره‌ی زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان حوسێن بن مه‌نسووری حه‌لاج له نۆی تشرینی دووه‌م / نۆڤێمبه‌ری 858ی زاینی له گوندێكی سنووری ئێسته‌ی ئێران به ناوی "به‌یزا" له دایكبووه و له 26ی ئادار/مارسی 922ی زاینیش له به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه كۆتایی به ژیانی هێنراوه و له‌سێداره دراوه و دواتریش سووتێنراوه و سه‌ری له جه‌سته‌ی جیاكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و شوێنه‌ی
حه‌لاج تێیدا له دایكبووه تا گه‌وره‌بوونیشی زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه پێڕه‌وی ئاینی زه‌رده‌شتی بوون و به ته‌واوی نه‌هاتبوونه سه‌ر ئاینی ئیسلام، خۆیشی له بنه‌ڕه‌تدا له ماڵباتێكی زه‌رده‌شتی هاتووه‌ته دنیاوه، واته دایك و باوكی زه‌رده‌شتی بوون، دواتر باوه‌ڕیان به ئاینی ئیسلام هێناوه و كوڕه‌كه‌یان واته حه‌لاجیان ناردووه‌ته به‌ر خوێندنی زمانی عه‌ره‌بی و به‌وهۆیه‌وه حه‌لاج بووه به شاعێرێكی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می خۆی و ڕێبه‌رێكی گه‌وره‌ی سۆفیگه‌ری له‌و سه‌رده‌مه.
سه‌رچاوه‌كان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌گه‌ڵ خوێندنی زمانی عه‌ره‌بی، حه‌لاج ده‌ستی به له‌به‌ركردنی قورئان كردووه و له ته‌مه‌نی 16 ساڵی هه‌موو قورئانی له‌به‌ر بووه، به‌ڵام هه‌ر لهبهركردنێكی ئاسایی نه‌بووه، به‌ڵكو به‌رده‌وام خه‌ریكی لێكدانه‌وه‌ی وشه‌كانی نێو ئایه‌ت وسووڕهتهكان بووه و له قورئان قووڵبووه‌ته‌وه و به ته‌واوی ئاوێته‌ی بووه.
یه‌كێكه له ڕێبه‌ره‌كانی ڕه‌وتی سۆفیگه‌ری و ته‌ركی دنیای كردووه و هه‌موو ژیانی به خواپه‌رستی به‌سه‌ر بردووه
له ڕووی مه‌زه‌وییه‌وه حه‌لاج و ماڵباته‌كه‌ی له‌سه‌ر مه‌زه‌وی سوننه بوو و دواتر بۆ ناوچه‌كانی به‌ری ڕۆژئاوای دیجله و عێراقی ئێسته گواستوویانه‌ته‌وه و پاشان بۆ خوێندن چووه‌ته خوزستان و له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و فێربوونی زیاتریشی تهفسیرێكی تایبه‌ت و نوێی بۆ قورئان نووسیوه كه هاوتا بووه له‌گه‌ڵ ڕامان و تێگه‌یشتنه قووڵه‌كه‌ی خۆی بۆ قورئان.
له پاش ئه‌و هه‌نگاوانه حه‌لاج ڕوو ده‌كاته شاری به‌سڕه و له‌وێوه‌یش ده‌ست به نووسینی شیعر ده‌كات له بواری سۆفیگه‌ری و به ته‌واوی ده‌چێته ناو ڕێبازی سۆفیگه‌ری و ته‌نانه‌ت جلی سۆفییه‌كان له‌به‌ر ده‌كات و ده‌چێته خه‌ڵوه‌ته‌وه و هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه سۆفییه‌كان له ژیانی خۆیان جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، ئه‌میش سه‌رجه‌میان پێڕه‌و ده‌كات و به ته‌واوی ده‌بێته كه‌سێكی خاكی و دنیا نه‌ویست و زۆرتر له جیهانی رووح و به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی و په‌رستیش كاته‌كانی به‌سه‌ر ده‌بات و به هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی به كێشه‌كانی دنیا سه‌رقاڵ ناكات.
له ساڵی 877ی زاینی حه‌لاج هاوسه‌رگیری كچی ئه‌بی یهعقبووبی ئه‌لبه‌سری ده‌كات، كه یه‌كێك بوو له قوتابییه‌كانی گه‌وره ڕێبه‌ری سۆفییه‌كانی عێراق "جونه‌ید ئه‌لبه‌غدادی"، له‌و كاته‌ی حه‌لاج له به‌سڕه بووه، شۆڕشی كۆیله ڕه‌شپێسته‌كان دژ به ده‌وڵه‌تی عه‌باسی ده‌ست پێ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماڵباتی ژنه‌كه‌ی پشتیوانی شۆڕشی كۆیله‌كانیان كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی شیعه‌بوون و له‌گه‌ڵ ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی بوون، به‌ڵام حه‌لاج هیچ بۆچوونێكی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه دنیاییه ده‌رنه‌بڕی و له ڕێبازی خۆی به‌رده‌وامیدا و گرنگی به دنیا و سیاسه‌ت نه‌دا.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌یشدا حه‌لاج به توندی دژی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه بوو كه عه‌باسییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆیله ڕه‌شپێسته‌كان ده‌یانكرد و ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به‌و سته‌مه زۆره ده‌رده‌بڕی، دواتر ئاماده نه‌بوو له به‌سڕه بژی و ڕووی كرده مه‌ككه بۆ حه‌ج كردن و ماوه‌ی ساڵێك له مه‌ككه مایه‌وه.
كاتێكیش گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌سڕه و لای هاوسه‌ره‌كه‌ی، بڕیاری دا بیر و باوه‌ڕه‌كانی بۆ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نێت و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه به زمانی خودا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كات و ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یڵێ هه‌مان ئه‌و شتانه‌ن كه خودا له به‌نده‌كانی ده‌یخوازێت. بۆ ئه‌مه‌یش ده‌ستی به گه‌ڕان به ناوچه جیا جیاكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عه‌باسی كرد و له‌گه‌ڵ گوتنه‌وه‌ی ڕێبازی سۆفیه‌ت و كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر فه‌قێ له ده‌وری و ڕه‌خنه‌گرتن له عه‌باسییه‌كان و ئه‌و سته‌م و زوڵمه‌ی به‌ناوی ئاین له خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، به ته‌واوی خه‌لیفه‌كانی عه‌باسی نیگه‌ران كردبوو.
زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان له‌و بڕوایه‌دان كه به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتنی له عه‌باسییه‌كان تۆمه‌تی كافربوونی دراوه‌ته پاڵ و كۆتایی به ژیانی هێنراوه
دواجار خه‌لیفه ئه‌لموقته‌در بالله به ته‌واوی له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی تووڕه ده‌بێ و فه‌رمانی گرتنی حه‌لاج ده‌رده‌كات، ئه‌مه‌یش كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری قوتابییه‌كانی ده‌ست به ناڕه‌زایی ده‌كه‌ن. واته به‌شێك له سه‌رچاوه‌كان هۆی كوشتنی حه‌لاج بۆ هۆكاری سیاسی ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بۆچوونی تر زۆرن و ده‌ڵێن، كاتێك عمرو بن عوسمان ئهلمهكی قورئانی خوێندووه، حه‌لاج هاتووه‌ته كۆڕه‌كه و پێی گوتووه، كه ئه‌میش ده‌توانێ تێكستی هاوشێوه‌ی قورئان بنووسێت، بۆیه ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به بێباوه‌ڕ تۆمه‌تباری بكه‌ن و بیگرن، هه‌ندێك ده‌ڵێن حه‌لاج بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه ئیبلس باوه‌ڕداری ڕاسته‌قینه‌یه، چونكه كڕنووشی بۆ مرۆڤ نه‌بردووه و ئێمه‌ی مرۆڤ شیاوی ئه‌وه نین كه ئیبلیس كڕنووشمان بۆ ببات.
هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر توانای ئه‌وه‌یان نه‌بووه گه‌شتی حه‌ج بكه‌ن، بۆیه حه‌لاج فه‌رمانی پێكردوون كه هاوشێوه‌ی كه‌عبه له ماڵه‌كانیان دروست بكه‌ن و حه‌ج بكه‌ن، ئه‌مه‌یش گه‌یشتووه‌ته ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌باسی و گرتوویانه و ماوه‌ی نۆ ساڵ خراوه‌ته گرتووخانه‌وه.
له‌و نۆ ساڵه‌ی له گرتووخانه بووه، به‌رده‌وام له به‌ندیخانه‌یه‌ك بۆ یه‌كێكی تر گوێزراوه‌ته‌وه، به‌هۆی كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر گیراوه‌كانی تر و كێشكردنی بۆخۆی و كردنیانی به قوتابی خۆی، دواجاریش له 26ی ئادار/مارسی 922ی زاینی دادوه‌ری ئه‌وكاتی عه‌باسییه‌كان "ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لمالیكی" به تۆمه‌تی كافربوون و سیحرباز و بێباوه‌ڕ فه‌رمانی كوشتنی ده‌ركرد.
حه‌لاج له‌و ڕۆژه‌دا هێنرایه گۆڕه‌پانێكی گشتی له به‌غدا و هه‌زار قامچی لێدرا و دواتر هه‌ڵواسرا تا گیانی له ده‌ستدا و پاشان سه‌ری له جه‌سته‌ی كرایه‌وه و ته‌رمه‌كه‌ی فڕێدرایه ناو دیجله، به‌مه‌یش ژیانی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین سۆفییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه و له خواترسترین مرۆڤه‌كانی ئه‌وكاته به‌مشێوه تراژیدییه كۆتایی پێهات.