ماڵپه‌ڕی ئه‌كسیۆسی ئیسرائیلی له زاری دوو سه‌رچاوه‌ی باڵای هه‌واڵگری ئیسرائیل "مۆساد" بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه كۆبوونه‌وه‌كانی ڤییه‌ننا ده‌رئه‌نجامی ئه‌رێنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و له داهاتوویه‌كی نزیك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئێران ڕێك ده‌كه‌وێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناو ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.
له بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌و ماڵپه‌ڕه هاتووه، كه له ڕۆژانی ڕابردوو ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی ئیسرائیل كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ساز كردووه و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یش تایبه‌ت بووه به تاوتوێكردنی گفتوگۆكانی ڤییه‌ننا و ئه‌گه‌ره‌كان و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه كه ماوه‌یه‌كه ده‌ستی پێكردووه، به‌رپرسانی مۆساد له كۆبوونه‌وه‌كه دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ئه‌وان كه‌وتووه، كه‌شی گفتوگۆكان ئه‌رێنییه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له داهاتوویه‌كی نزیك ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندبوونی خۆی به ڕێككه‌وتنه‌كه ڕا بگه‌یه‌نێته‌وه، كه له 2015 له نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێران واژوو كرا.
دوو به‌رپرسی
مۆساد كه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه و به ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان ڕاگه‌یاندووه، كه حكوومه‌تی ئیسرائیل نیگه‌رانه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناو ڕێككه‌وتنه‌كه و سووككردنی سزاكانی سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران، بێ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه و پابه‌ندكردنی تاران به نه‌هێشتنی میلیشیاكانی له ناوچه‌كه و تێكدانی ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. جیا له‌وه‌یش ئیسرائیل له ڕێی هه‌وڵ و لۆبیكردنی خۆیه‌وه خه‌ریكی هه‌وڵدانه بۆ ڕێگریكردن له ئه‌مه‌ریكا و باوه‌ڕهێنان به جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته، بۆ نه‌هاتنه‌وه ناو ڕێككه‌وتنه‌كه و توندتركردنی سزاكانی سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران.
ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری ئه‌و وڵاته پێشبینی خۆی خستووه‌ته ڕوو و له كۆبوونه‌وه‌كه ئاماژه‌ی داوه، كه نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك تووشی سه‌رسڕمان بین، چونكه ئه‌گه‌ری هه‌یه له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌كانی ڤییه‌ننا ده‌رئه‌نجامه‌كانیان ده‌ربكه‌وێ و ئه‌مه‌ریكا بێته‌وه ناو ڕێككه‌وتنه‌كه، ئێمه پێویسته خۆمان بۆ دۆخێكی له‌وجۆره ئاماده بكه‌ین.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو تاران و واشنتن بگه‌نه‌وه به ڕێككه‌وتن
له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و پێشڤه‌چوونه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم له وێستگه‌كانی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته به پشتبه‌ستن به زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانی مۆساد خراوه‌ته به‌رده‌م به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌كه و به وردی تاوتوێ كراوه.
پێشتر جیك سۆلیڤان ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا له لێدوانێكی بۆ كه‌ناڵی فۆكس نیوز دووپاتی كرده‌وه كه گفتوگۆكانی ڤییه‌ننا بنیاتنه‌رن و هه‌وڵی ڕژد و ڕاسته‌قینه هه‌یه بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی 2015، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك هیچ سزا و گه‌مارۆیه‌ك له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵناگرین، تا متمانه و ڕوونی له ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كان دروست نه‌بێ و به ته‌واوی دڵنیا نه‌بینه‌وه له‌وه‌ی كه تاران پابه‌ندی هه‌موو بڕگه و بابه‌ته‌كانی نێو ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌بێته‌وه و ده‌ست له هه‌وڵدان بۆ پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم هه‌ڵنه‌گرێت.
به‌هۆی ئه‌و زانیاری و پێشبینیانه‌ی كه مۆساد له كۆبوونه‌وه‌كه كردوویه‌تی، حكوومه‌تی ئیسرائیل به‌نیازه هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ بكاته‌وه، تا واشنتن به ئاسانی بۆ نێو ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌گه‌ڕێته‌وه و مه‌رجی زیاتر و توندتر به‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران بسه‌پێنێت.
ئیسرائیل هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر بایدن و شاندی باڵا ڕه‌وانه‌ی واشنتن ده‌كات
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش بڕیاره له دوو هه‌فته‌ی داهاتوو منیر بن شبات ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئیسرائیل و ئافیف كوخاڤی سوپاسالاری گشتی ئیسرائیل و تامیر هایمان سه‌رۆكی ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری سه‌ربازی ئیسرائیل و یوسی كوهین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی مۆساد به په‌له بگه‌نه واشنتن و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن، له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی واشنتن بۆ نێو ڕێككه‌وتنه‌كه و بۆچوون و خواسته‌كانی واشنتن له ئێران و ورده‌كاری گفتوگۆكان و پێدانی سه‌رنج و تێبینی ئیسرائیل به ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر گفتوگۆ و دانوستاندنه‌كان.