پەرلەمان دەنگ لەسەر فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان دەدات

:: AM:08:53:20/04/2021 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و بەشێكی كۆبوونەوەكە، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاسای فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی نیسان، سامان ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی هەیە و چەند پڕۆژەیاسا و پێشنیارێك دەخرێنەڕوو.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان گوتی، لە بەشێكی كۆبوونەوەكە دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان دەبێت.

باسی لەوەش كرد كە لە بەشی دووەمی كۆبوونەوەكە، بیرۆكەی چەند پەرلەمانتارێك دەخرێتەڕوو كە پەرلەمانتار گەلاوێژ عوبێد زۆربوونی نەخۆشیی شێرپەنجە باس دەكات، لەگەڵ بیرۆكەی پەرلەمانتار شنۆ ئەشقی لەبارەی ڕەخساندنی هەلی كار لە هەرێمی كوردستان.

لەبارەی تەوەرەكانی تری دانیشتنەكە ڕای گەیاند، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە هەرێمی كوردستان.

"پێشنیازە بڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە هەرێمی كوردستان، پێشنیازە یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان، دەخرێتە گفتوگۆ". سامان ئەحمەد وای گوت.


 



وشە - رامیار جەواد