گەورەترین مۆڵ لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر دروست دەكرێ

:: AM:08:59:20/04/2021 ‌
ڕاوێژكارێكی خانووبەرە ڕای دەگەیەنێت، پڕۆژەیەكی گەورەی  كەرتی تایبەت بەمنزیكانە لە هەولێر دەست بەكارەكانی دەكات، گەورەترین مۆڵی تێدایە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی نیسان، میران سەفین ڕاوێژكاری خانووبەرە، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەمنزیكانە گەورەترین و ناوازەترین پڕۆژە لە عێراق و لە كوردستان لە هەولێری پایتەخت دروست دەكرێت.

ڕووبەری زیاتر لە ملیۆنێك و 25 هەزار مەترە
ئەو ڕاوێژكارەی خانووبەرە گوتی، قەبارەی پڕۆژەكە بە ڕووبەری زیاتر لە ملیۆنێك و 25 هەزار مەترە و زۆرترین رێژەی سەوزایی تێدا دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو پڕۆژەیە راستەوخۆ لەسەر شەقامی 100 مەتری لە رێی فڕۆكەخانەی هەولێر بەرانبەر بارەگای ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، تا نزیك ئەربیل سپۆرت سەنتەر و لە پشتەوەش تا شەقامی 120 مەتری لە خۆ دەگرێت.

ڕِوونی كردەوە، لەو پڕۆژەیە گەورەترین مۆڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕووبەڕی 350 هەزار مەتر دروست دەكرێت، لەگەڵ گەورەترین نافوورە كە تەنیا دوبەی هەیەتی و ڤێلای رووبەر گەورە و شوقەی VIP خێزانی لە خۆ دەگرێت، هەروەها ئەم پڕۆژەیە هەولێر بەرەو قۆناغێكی جیهانی و پایتەختی ئاوەدانی دەبات و لە لایەن كومپانیای لالاڤ دروست دەكرێت كە پڕۆژەیەكی كەرتی تایبەتە.





وشە - رامیار جەواد