"ڤاكسینی فایزەر بەردەوام بەردەست دەبێت"

:: AM:10:32:20/04/2021 ‌
پرۆسەی پێدانی ژەمی ڤاكسین لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراقیش ئاشكرای دەكات، "ڤاكسینی فایزەر بەردەوام بەردەست دەبێت، بۆیە پێویست ناكات هاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوكێ بن و پەلە لە دەستكەوتنی ڤاكسینەكە بكەن".

ئەمڕۆ سێشەم 20ی نیسان، ڕیاز حەلفی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "هەموو هەفتەیەك كاروانی سێ جۆری جیاوازی ڤاكسین دەگاتە عێراق و بەشی هەرێمی كوردستانیش بە بەردەوامی دەنێرێت، ئەوانیش جۆرەكانی /ڤاكسینەكانی فایزەر، سینۆفارم، ئەسترازینیكا/ن".

ڕوونی كردەوە، "پێویستە هاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوكێ نەبن و پەلە نەكەن لە دەستكەوتنی ڤاكسینی فایزەر، چونكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان 700 ناوەندی كوتان و 50 ناوەندی تری تایبەت بە ڤاكسینی فایزەر لە ناوچە جیاجیاكان تەرخان كراون، ڤاكسینی فایزەر بەردەوام بەردەست دەبێت".

ڕیاز حەلفی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی ڤاكسین وەردەگرن، ئاماژەی كرد، "ئێستە لە عێراق ڕۆژانە زیاتر لە دوو هەزار كەس بە ڤاكسین دەكوترێن، هاووڵاتییان هۆشیارییان بەرز بووەتەوە و ڕێژەیەكی زۆریان وەری دەگرن، ئەمەیش دڵخۆشییە بۆ دروستبوونی بەرگریی گشتی."

پێكوتە یان كوتان یان (ڤاكسین Vaccine) گیراوەیەكە ھۆكاری نەخۆشیی مردوو یان بێھێزكراو یان چەند بەشێكی ھۆكاری نەخۆشیی تێدایە كە ھێشتا دژە پەیداكەرەكانی پاراستووە، لە كاتی تێكردنی پێكوتە، لەش وەڵامدانەوەی بەرگرییە سەرەتاییەكان پەیدا دەكات، بۆ ئەو دژە پەیداكەرانەی لە كوتانەكەدا ھەن. واتە لەشی مرۆڤ بە ڕێژەیەكی كەم لەو ڤایرۆسەی بۆ دەچێت، بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی فێری خۆپارێزی بێت، ئەمەیش وا دەكات كاتێك بەڕاستی ڤایرۆسەكە هێرشی بۆ دەهێنێ، بتوانێ خۆی بپارێزێ.


وشە - محەمەد میران