پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:36:20/04/2021 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆ ببێتەوە و یەكەم دانیشتنی ئاسایی وەرزی نوێی یاسادانان ساز بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی نیسان، وەسن ئەلسەعیدی پەرلەمانتار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "بڕیارە سەعات یەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق دانیشتنی ئاسایی ژمارە یەكی وەرزی یاسادانانی دووەم لە ساڵی یاسادانانی سێیەمی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی خۆی، ساز بكات."

ڕوونی كردەوە، "بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانی لە نێوان عێراق و سعوودیە، بەشێكی تری دانیشتنەكە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی دووركەوتنەوە لە جیاوازیی باج و خۆزدزینەوە لێی لە نێوان عێراق و كوێت".

پەرلەمانتار وەسن ئەلسەعیدی ئاماژەی كرد، "پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای یانە وەرزشییەكانیش دەكات، هەورەها خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بیمەی كۆمەڵایەتی و خانەنشینیی كرێكاران دەكرێت، خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پڕۆژەیاسای ئامار و رێكخستنی داتا جیۆگرافییەكان ئەنجام دەدرێت".

ئەمەیش لە كاتێكدایە كە دوای ئەوەی بەشێك لە پەرلەمانتارە لیستە جیاوازەكانی پەرلەمانی عێراق، هەڵمەتێكی واژوو كۆكردنەوەیان دەست پێ كرد، بۆ ئەوەی وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشانەوەی خۆی بدات، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی خۆی پەسند كرد. بەشێكی تر لە پەرلەمانتاران وەك ئاڵنگارییەك بۆ ئەوانی تر ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە دەكەن.


وشە - محەمەد میران