ئەگەری هەیە ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر ئێران

:: AM:10:52:20/04/2021 ‌
پەرەسەندنی مەترسییەكان و هەڕەشەكانی ئێران دژی ئیسرائیل و نەرمبوونی بایدن بەرانبەر بە ئێران، ئیسرائیلی ناچار كردووە بیر لە بژاردەی هێرش بكاتەوە. هاوكات دوو هەزار بەرپرسی تەناهی ئیسرائیلی لەسەر مەترسییەكانی ئێران هۆشداری بە بایدن دەدەن.

رەوتی دانوستانەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی چوار كۆ یەك و ئێران لە ڤیەننا لەباری چالاكییە ناوكییەكان، كابینەی ئیسرائیلی ناچار كرد كۆبوونەوە ساز بكات و باس لە ئەگەری هێرشكردنەسەر ئێران دوای رووداوی نەتەنز بكرێت. 

گورزێكی كاریگەری لە چالاكییە ناوكییەكانی ئێران لەو وێستگەیە دا


هەفتەی رابردوو تەقینەوەیەك لە وێستگەی ناوكیی نەتەنز رووی دا كە گورزێكی كاریگەری لە چالاكییە ناوكییەكانی ئێران لەو وێستگەیە دا، لانی كەم بۆ نزیكەی ساڵێك چالاكییەكانی وێستگەكەی دواخست و دوای ئەم رووداوەش، ئێران بەردەوام هەڕەشەی كردووە و باس لە تۆڵەسەندنەوە دەكات و ئیسرائیلی بەم كارە تۆمەتبار كردووە.

ئیسرائیل هاوشێوەی هێرشەكانی پێشتری، هێرشەكەی نە لە ئەستۆی گرتووە و نە رەتیشی كردووەتەوە، بەڵام سەرجەم ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن هەر ئیسرائیل لە پشتی هێرشەكە بووە.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە یەكەم جارە كابینەی تەناهیی ئیسرائیل لەسەر ئەم پرسە كۆ دەبێتەوە و بەپێی یاساكانی ئیسرائیل، هەر جۆرە هێرشێكی نهێنی بۆ سەر بنكە گرنگەكانی ئێران، پێویستی بە رەزامەندی كابینەی تەناهی نییە.
ئێران خۆی ددانی بەوە ناوە بەو هۆیەوە هەزاران سانتریفووژی لەناو چووە.


لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل دووجار گرنگترین وێستگەی ناوكیی ئێرانی كردووەتە ئامانج، ئێران خۆی ددانی بەوە ناوە بەو هۆیەوە هەزاران سانتریفووژی لەناو چووە.

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران سەرەتای ئەم هەفتەیە، وێنەی كەسێكی بڵاو كردەوە بە ناوی رەزا كەریمی كە بە گوتەی خۆیان دەستی لە تەقینەوەكەی نەتەنزدا هەبووە. هاوینی رابردووش كەسێك بە ناوی ئیرشاد كەریمی لەسەر هەمان پرس تۆمەتبار كرا، ئەو وێكچوونەی ناوەكانیش لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران جێی سەرنج بووە.

ئێران داوای لە پۆلیسی ئینتەرپول كردبوو بەدوای ئەو تۆمەتبارە بێت كە لە ئێران رای كردووە، بەڵام پۆلیسی ئینتەرپول گوتوویەتی رەزا كەریمی لەناو ئەو لیستەدا نییە كە بەدوایاندا دەگەڕێت.

سەرووی دوو هەزار بەرپرسی باڵای تەناهی ئیسرائیلی خانەنشینكراو، لە نامەیەكدا هۆشدارییان جۆ بایدن داوە


لە لایەكی ترەوە سەرووی دوو هەزار بەرپرسی باڵای تەناهی ئیسرائیلی خانەنشینكراو، لە نامەیەكدا بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی گفتوگۆ و دانوستانەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران و ئەگەری دروستبوونی مەترسییەكی گەورە بۆ ئیسرائیل، هۆشدارییان دا.

ئەو نامەیە كە لایەن ناوەندی بەرگری و تەناهیی ئیسرائیل نووسراوە، ماڵپەڕێكی ئەمەریكی كۆپییەكی دەست كەوتووە و لە نامەكەدا رێكخراوی Habithonistim واژووی لەسەری كردووە، كە یەكێكە لەو رێكخراوانەی ئەفسەرە خانەنشینكراوەكانی ئیسرائیلی تێدا ئەندامن.

ئەوان نیگەرانی خۆیان لە رەوتی دانوستانەكان دەربڕیوە و پێیان وایە هەر جۆرە رێككەوتنێكی ناوكیی لەگەڵ ئێران، ئەوا بە زیانی ئیسرائیلە، چونكە ئێران بە ئاشكرا رای گەیاندووە، هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیل دەدات.

هەروەها رەخنەی توند لە بایدن گیراوە، بە سیاسەتی دووبارە رێككەوتن لەگەڵ ئێران و هەنگاونان بۆ دووبارە بووژانەوەی ئابووری ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران لە هەڕەشەكانی دژی ئیسرائیل دەستی كراوەتر بێت.

هەر لە نامەكەدا داوا لە ئەمەریكا كراوە نابێ بۆ رێككەوتنی ساڵی 2015 بگەڕێتەوە، چونكە رێككەوتنەكە رێی لە چالاكییە ناوكییەكانی ئێران نەگرت و ئەو توانایە بە ئێران دەدات مووشەكی ناوكیی بەرهەم بهێنێت، ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوكات داوا كراوە ئەگەر هەر جۆرە رێككەوتنێكیش لەگەڵ ئێران بكرێت، پێویستە بێ مەرجی كات و شوێن، لیژنەكانی چاودێری نێودەوڵەتیی بتوانن سەردانی ئێران بكەن و چالاكییەكانی مووشەكی بالیستیكی ئێرانیش سنووردار بكەن.

ئیسرائیل لە سیاسەتەكانی بایدن بەرانبەر ئێران نیگەرانە، پێشبینی دەكرێ بێ گەڕانەوە بۆ ئەمەریكا، لە داهاتوودا هەڵوێستی تری لە دژی ئێران هەبێت و هێرشی هاوشێوەی هێرشەكەی نەتەنز دووبارە بكاتەوە، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات بە ئاشكرا لە ئێران بدات.

ئیسرائیل و ئەمەریكا هەر ئەمساڵ رێككەوتنێكیان لەگەڵ یەكتردا كرد، بۆ ئەوەی لە پرسە تەناهییەكان و هەر جۆرە هەنگاونانێك، پێشتر یەكتری لێ ئاگادار بكەنەوە، هەر جۆرە هێرشێك بۆ سەر ئێرانیش پێناچێت بە بێ ئاگاداری ئەمەریكا بكرێت، هەرچەندە لە رووداوەكەی نەتەنز ئەمەریكا رەتی كردەوە ئاگای لێ هەبێت، بەڵام بەپێی رێككەوتنەكەی ئەمساڵیان هەر دەبێت پێشتر لێی ئاگادار كرابێت.

داوا لە ئەمەریكا كراوە نابێ بۆ رێككەوتنی ساڵی 2015 بگەڕێتەوە


ئیسرائیل گوتوویەتی بە هیچ شێوەیەك ناهێڵێت ئێران دەستی بە چەكی ناوكیی بگات، ئەمەریكاش كە هاوپەیمانێكی دێرینی ئیسرائیلە، درك بە دۆخی ئیسرائیل دەكات.



وشە - سلێمان تاشان