وەزیری ناوخۆ: تا ئێستە هیچ پێشكەوتنێك لە ڕێككەوتنی شنگال نییە

:: AM:10:55:20/04/2021 ‌
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تا ئێستە هیچ پێشكەوتنێك لە ڕێككەوتنی شنگال نییە و هەر ئەو هێزانەی لە پێشوو لە شنگال بوون، ئێستەیش لەوێن.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی نیسان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تا ئێستە هیچ پێشكەوتنێك لە ڕێككەوتنی شنگال نییە و هەر ئەو هێزانەی لە پێشوو لە شنگال بوون، ئێستەیش لەوێن، بۆیە ئێمە چاوەڕێ‌ دەكەین ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ‌ بكرێت.

ئێستە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان لە گفتوگۆداین بۆ دۆزینەوی رێچارەیەك.
لەبارەی هێرشەكانی سەر هەولێر گوتی، ئەو بۆشاییە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، وایكردووە گرووپە چەكدارەكان بەكاری بهێنن، ئێمە بەردەوام لەگەڵ حكوومەتی كازمی لە گفتوگۆداین تا بگەین بە ڕێچارەیەك و چیتر تیرۆریستان نەتوانن ئەو كارانە بكەن.

باسی لەوەش كرد، ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر، كاری تیرۆریستین و هۆكارەكەشی ئەوەیە كە هەولێر دەكرێتە ئامانج، تیرۆریستان چاویان بەو پێشكەوتنە هەڵنایەت و نایانەوێ هەرێمی كوردستان ئارام بێت، بۆیە ئێستە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان لە گفتوگۆداین بۆ دۆزینەوی رێچارەیەك.

لەبارەی دواین پەیامی سەرۆكی حكوومەت لەسەر ژنكوشتن گوتی، ئەو كەسەی تاوانەكەی كردووە، ئێستە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و لەناو شار نەماوە، بۆیە سەرجەم هێزە تەناهییەكان ڕاسپێراون بۆ گرتنی تاوانبار، داواش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەكەین ئەو كەناڵانەی قسەی بكوژ و تاوانباران لەسەر كوشتن دەگوازنەوە كە هاندانە بۆ كوشتنی زیاتر، ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر.



وشە - رامیار جەواد