وێستگەی كارەبای شاوێس بە ساڵێك تەواو دەبێت

:: AM:10:58:20/04/2021 ‌

لەژێر چاودێریی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی وێستگەی شاوێس لە پارێزگای هەولێر دادەنرێت. گوتەبێژی وەزارەتی كارەباش ڕای دەگەیەنێت، ئەو وێستگەیە گوشاری كارەبا لە ناوچەکە كەم دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی نیسان، ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەژێر چاودێریی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەئامادەبوونی كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەم 20ـی نیسان، بەردی بناغەی پڕۆژەی وێستگەی شاوێس دادەنرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتی، دروستكردنی ئەو وێستگەیە سوودێكی زۆری بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەبێت، چونكە گوشارێكی زۆر لەسەر كارەبای ئەو شوێنە هەیە و بەدانانی ئەو وێستگەیە، ئەو گوشارە كەم دەبێتەوە.

باسی لەوەش كرد، پێشتر بەهۆی تەنگژەی دارایی كە پێویست بوو وێستگەیەكی لەو شێوەیە دروست بكرێت دواكەوتبوو، بۆیە ئێستە دروست دەكرێت و لە ماوەی ساڵێك و چەند ڕۆژێك وێستگەكە تەواو دەبێت.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگی زۆری بە كەرتی كارەبا داوە، بە جۆرێك ئێستە ڕۆژانە نزیكەی 20 سەعات كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێ‌.


 



وشە - رامیار جەواد