بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەكانی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لیرە بێ بەها ماوەتەوە

:: PM:01:09:20/04/2021 ‌
ماوەی زیاتر له 15 ڕۆژە لیرەی توركی لە نێوان 8.29 بۆ 8.12 بەرانبەر یەك دۆلاری ئەمەریكی جێگیر بووە، ئەمەیش بە خراپترین مێژوو و ڕۆژەكانی دراوی توركی بەرانبەر دراوە بیانییەكان هەژمار دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی نیسان، موراد سوڵتان گوتەبێژ لە بۆرسەی باكوری توركیا لە ویلایەتی تڕابزۆن، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووان و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، لەسەر بڕیاری سەرۆك كۆمار لە سەعات حەوتی ئێوارەوە تا پێنجی بەیانی قەدەغەی گشتی ڕادەگەیەنرێت، سەرجەم دوكان و شوێنە گشتییەكان دادەخرێن.

ڕوونی كردەوە، "لە ڕووی ئابوورییەوە دۆخی توركیا زۆر خراپە و هەڵئاوسان 43%ی تێپەڕاندووە، نرخی لیرەی  توركی داڕماوە و وەبەرهێنەران لە وڵاتەكە هەڵدێن، هەموو ئەوان و قەرزی 400 ملیار دۆلاری ئەمەریكی بانكی ناوەندی".

ئەو گوتەبێژە لەبارەی نرخەكانەوە گوتی، "ئێستە لە بۆرسەدا 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر 812 لیرەی توركییە، هەروەها 100 یۆرۆ بەرانبەر 980 لیرەی توركییە".

شایانی باسە ماوەی چەندان ساڵە توركیا بەدەست قەیرانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیجییەكانی كێشە و ناكۆكی گەورە و قووڵی هەیە. لەم دۆخەدا لەلایەن ڕۆژئاوایشەوە فەرامۆش و گۆشەگیر كراوە، بۆیە بە دوای جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی بەهای لیرەی توركی.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020دا، دابەزینی بەهای لیرەی توركی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمار كرد، كاتێك بەهای یەك دۆلار بەرانبەر بە 8.41 لیرە بوو.


وشە - محەمەد میران