یاسای هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان قۆرخكاری ناهێڵێت

:: PM:01:53:20/04/2021 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژەیاسای هاوردەكردن و عەمباركردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان پەسند كرا. ئەندامێكی پەرلەمان یاساكە بە گرنگ هەژمار دەكات و پێی وایە، دەبێتە هۆی ئەوەی لەو بوارەدا كۆتایی بە قۆرخكاری هەندێك كۆمپانیا بێت.

پڕۆژەیاساكە بە دەنگی 97 نوێنەری پەرلەمان پەسند كرا، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتییان لە پڕۆژەكە كرد و ئەمەش بایەخی یاساكە زیاتر دەردەخات.
گرنگترین هەنگاوە بۆ نەهێشتنی قۆرخكاری و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان و بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەرهەمە نەوتییەكان

گوڵیزار سندی جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، جێبەجێكردنی یاساكە گرنگترین هەنگاوە بۆ نەهێشتنی قۆرخكاری و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان و بەرزكردنەوەی كوالێتیی بەرهەمە نەوتییەكان لە كوردستان.

ئەو روونی كردەوە، پێشتر لە پرسی هاوردەكردن و دابینكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، جۆرێك قۆرخكاری هەبووە، هەندێك كۆمپانیا زیاتر رۆڵیان هەبوو و زۆر كۆمپانیاش كە حەزیان دەكرد لەم بوارەدا كار بكەن، رێیان پێ نەدەدرا و هیچ یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە نەبوو، بۆیەش دوای ئەم یاسایە كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانیش كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، دەتوانن لەم بوارەدا چالاكییان هەبێت و بەرهەمی نەوتی هاوردە بكەن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، سەرجەم كارەكان لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە و ئەگەر هەر كۆمپانیایەك بەدەر لەم رێنوێنییانە كار بكات، ئەوا سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت، بڕی 100 تا 700 ملیۆن دینار سزا دیاری كراوە و ناوی كۆمپانیاكەش دەخرێتە ناو لیستی رەشەوە.

ئەو پاڵاوگانە بە بەرهەمهێنانی گازوایل و بەنزینی بێ كوالێتی، زیانیان بە ژینگە گەیاند


پێویستە بگوترێ لە دوای ساڵی 2015 لە هەرێمی كوردستان، بڕیار درا پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن، بەڵام لەبەر پێویستیی ناوخۆ بەو بەرهەمانە، نەتوانرا سەرجەمیان دابخرێن و ئەو پاڵاوگانە بە بەرهەمهێنانی گازوایل و بەنزینی بێ كوالێتی، تا ئاستێك زیانیان بە ژینگە گەیاند و پاڵاوگە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستانیش نەیانتوانی تەواوی پێداویستییەكان پڕ بكەنەوە.

جگە لەمە هەندێك كۆمپانیا مادەی زۆر خراپیان لە دەرەوە دەهێنا و لە ناوخۆ لەگەڵ بەرهەمی ئەو پڵاوگانە تێكەڵیان دەكرد و دەیانفرۆشت، یاسایەكی ئەوتۆ بۆ رێكخستنی ئەم كەرتە نەبوو و ئەوەی زیانی پێ دەگەیشت، هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی كوردستان بوو.

چەندان حاڵەتی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل رووی داوە، كەچی بازرگانان هەر لەبیری بەرهەمە بێ كوالێتییەكانیاندا بوون.


ئۆتۆمبێلەكان بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا بە دەست بەنزینی خراپ دەیانناڵاند، فیولپەمپەكانیان زوو تێكدەچوو و زیانی ئابووری بە شوفێر دەگەیاند. چەندان حاڵەتی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل رووی داوە، كەچی بازرگانان هەر لەبیری بەرهەمە بێ كوالێتییەكانیاندا بوون.

جگە لەمە هەر بەپێی بەدواداچوونی لیژنەی پێوەندیدار لە پەرلەمانی كوردستان، دەركەوتووە زۆر لەو بەنزین و گازوایلەی لە هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنرێت، هیچ ستاندارێكی نێودەوڵەتیی نییە و بە نهێنی لە شوێنی جیاواز دروست دەكرێن، هۆكارن لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و هەناسەتەنگی و كۆمەڵیك نەخۆشیی تر. 

جێگری لیژنەی وزەی پەرلەمان پێداگری دەكات، دوای ئەو یاسایە دۆخەكە زۆر باشتر دەبێت و ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، ئەوا لە بەرهەمی نەوتی بێ كوالێتی لە هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە.

حكوومەت لە جێبەجێكردنیدا هەنگاوێكی تر بۆ چاكسازی دەهاوێژێت.


لە بەرنامەی ئەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمی كودستان، پێداگری لە نەهێشتنی قۆرخكاری و جێبەجێكردنی چاكسازی كراوە، ئەم یاسایەش بە پاڵپشتی حكوومەت پەسند كراوە، بۆیە حكوومەت لە جێبەجێكردنیدا هەنگاوێكی تر بۆ چاكسازی دەهاوێژێت.



وشە - سلێمان تاشان