ئەو كەسەی لە دایك و براژنەکەی دا گیرا

:: AM:11:56:21/04/2021 ‌
بەرپرسێكی پۆلیسی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی هەولێرەوە، كەسێك گیرا كە بەمەبەستی وەرگرتنی پارە  لە دایك و براژنێكی داوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 21ـی نیسان، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەند ڕۆژی ڕابردوو ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە، كە دوو كەس هەڵدەكوتنە سەر ماڵێك و لە دوو ژن دەدەن، هێزەكانی پۆلیس دەستیان بە لێكۆڵینەوە و گەڕان كرد بۆ دۆزینەوەی ئەو دوو تۆمەتبارە، یەكێك لە تۆمەتباران دۆزرایەوە و گیرا.

بە مەبەستی پارە وەرگرتن لێیان، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەیان.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، ئێستە وەك هێزەكانی پۆلیس لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەكەی تر كە لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دیارە.

باسی لەوەش كرد، یەكێك لە تۆمەتبارەكان لە خێزانی ئەو دوو ژنە بووە، یەكێك لە ژنەكان دایكیەتی و ئەوەی تر براژنیەتی، بە مەبەستی پارە وەرگرتن لێیان، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەیان.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، بەمنزیكانە ئەو كەسانە لە بەردەم دادگا دەبیننەوە و سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن.




وشە - رامیار جەواد