یانه‌ی ریال مه‌درید سه‌ره‌ڕای قه‌رزه‌كانی سه‌ری و ته‌نگژه‌ی دارایی و كێشه و گرفته‌كانی، به‌ڵام هێشته له گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ كیلیان ئیمباپێی هێرشبه‌ری فڕه‌نسی بێ هیوا نه‌بووه، ئاشكراش بووه، مه‌رجی مانه‌وه‌ی زیدان له‌گه‌ڵ تیپه‌كه، هێنانی ئه‌و هێرشبه‌ره‌یه.
رۆژنامه‌ی لۆ پارێزیانی فڕه‌نسی لێدوانه‌كانی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌دریدی گواسته‌وه، كه ده‌ڵێت "به‌بێ خولی سوپه‌ری ئه‌وروپا، هیچ هه‌لێك بۆ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستی گه‌وره نییه".
ئه‌م قسانه‌ی پێرێز له كاتێكدایه، یانه‌كه‌ی به هۆی بڵابوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له‌م دوو وه‌رزه‌دا 400 ملیۆن یۆرۆی زه‌ره‌ر كردووه.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی "سه‌ره‌ڕای لێدوانه‌كانی، كه بێ هیوایی پێوه دیاره، به‌ڵام پێرێز واز له گواستنه‌وه‌ی ئیمباپێ ناهێنێت، چونكه ئه‌و گرێبه‌سته بۆ ئه‌و، وه‌ك پابه‌ندبوونێكی سیاسی، وه‌رزشی و ئابوورییه".
بۆچی ئیمباپێ بۆ ریال مه‌درید گرنگه؟
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، پێویسته له‌سه‌ر پێرێز له هاوینی ئه‌مساڵدا گرێبه‌ستێكی به‌هێز و گه‌وره ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هێڵی پێشه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی، ئه‌مه له رووی وه‌رزشییه‌وه.
به‌ڵام پێرێز جگه له‌وه، ده‌زانێت گواستنه‌وه‌ی ئیمباپێ و وه‌به‌رهێنان له‌م كاره‌دا، ره‌نگه وابكات كێشه داراییه‌كانی ریال مه‌درید چاره بكات.
"گواستنه‌وه‌ی ئیمباپێ، قازانجی بارزگانی و میدیایی و هه‌روه‌ها داهاتی ئابووریی باش بۆ یانه‌كه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن پێرێز له ویلایه‌تی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی ریال مه‌دریددا، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره كرد، كه به "گالاكتیكۆس" ناویان دێت، هه‌روه‌ها له هاوینی 2009 گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كاكا، رۆناڵدۆ و كه‌ریم بنزێما كرد" رۆژنامه فڕه‌نسییه‌كه وای نووسیوه.
هه‌روه‌ها ئاشكرای كردووه، پێرێز و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی "ئانخێل سانچێز" كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی یانه‌كه‌یه، له چه‌ند مانگی رابردوودا كاریان له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی پلانێكی ئابووری كردووه، كه چۆن بتوانن پاره‌ی گرێبه‌ست و مووچه‌ی ئیمباپێ دابین بكه‌ن.
راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كه باسی ئه‌وه‌ی كردووه، ریال مه‌درید پاڵپشتیی چه‌ند بانكێكی هه‌یه، كه لارییان له‌وه نییه قه‌رز به یانه‌كه بده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ستی ئیمباپێ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تیپه‌كه له به‌ڕێكردنی چه‌ند یاریزانێكی وه‌ك "به‌یڵ، ئیسكۆ، مارسێلۆ، یۆڤیچ، ماریانۆ دیاز و سیبایۆس" نزیكه‌ی 150 ملیۆن یۆرۆی ده‌ست ده‌كه‌وێت.
سه‌رچاوه‌كه باسی ئه‌وه‌ی كردووه، به‌رپرسانی مه‌درید گه‌شبینن هه‌وڵه‌كانیان سه‌ركه‌وتووبێت بۆ هێنانی ئیمباپێ، پێشیان وایه باشترین گه‌ره‌نتییه بۆ به‌رده‌وامبوونی زیدانی راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌دا.
رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، گواستنه‌وه‌ی ئیمباپێ بۆ مه‌درید، مه‌رجێكی سه‌ره‌كیی زیدان بووه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ریال مه‌درید له 2019، پێرێز باش ئه‌وه ده‌زانێت، به‌بێ زیدان و پێوه‌ندیی به‌هێزی به ئیمباپێ، ناتوانێت ئه‌م یاریزانه بگوازێته‌وه تیپه‌كه‌ی.
ته‌نگژه‌ی دارایی و بڕیارێكی قورس
یانه‌ی ریال مه‌درید هه‌ر به هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه، كه به هۆی بڵابوونه‌وه‌ی كۆرۆنا دووچاری یانه‌كه و نزیكه‌ی هه‌موو یانه جیهانییه‌كان بووه‌ته‌وه، بڕیاری داوه هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك وه‌ك پاداشت به یاریزانه‌كانی بدات، ئه‌گه‌ر ئه‌م وه‌رزه خولی ئیسپانیا یان چامپیۆنزلیگیان به‌ده‌ست هێنا.
ئه‌م بڕیاره پێده‌چێت كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئاستی تیپه‌كه و ده‌روونی یاریزانه‌كانه‌وه هه‌بێت و له یارییه‌كانی داهاتوودا به‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه ده‌ركه‌وێت.
ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه له جامی سوپه‌ر و جامی شا كراوه‌ته ده‌ره‌وه، ئێسته‌ش له دوو پاڵه‌وانیه‌تیی ركابه‌ریی ده‌كات، خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ، كه له هه‌ردوولادا نزیكه له‌وه‌ی ببێته پاڵه‌وان.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشكرای كردووه، ریال مه‌درید ئه‌م بڕیاره‌ی به هۆی زیانه‌كانییه‌وه داوه، كه به هۆی په‌تای كۆرۆنا دووچاری بووه و تیپه‌كه له بارێكی دارایی خراپدایه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد یانه‌كه بودجه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی كه‌م بكاته‌وه و هیچ یاریزانێكیشی نه‌گواسته‌وه ریزه‌كانی.
رۆژنامه ئیسپانییه‌كه باسی ئه‌وه‌شی كردووه، یاریزانانی ریال باش له بڕیاره‌كه ئاگه‌دارن و ئه‌گه‌ر هه‌ر نازناوێك ببه‌نه‌وه، هیچ پاداشێكی دارایی وه‌رناگرن.
ریال مه‌درید هه‌ر به هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه، وه‌رزی رابردوو بڕیاری دا 10%ی پاره‌ی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كانی كه‌م بكاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی گرێبه‌ستی چه‌ند یاریزانێكی گرنگی هه‌ر به هۆی لێكه‌وته‌كانی په‌تای كۆرۆنا له‌سه‌ر باری دارایی یانه‌كه، تا ئێسته نوێ نه‌كردووه‌ته‌وه.