بەرپرسێكی تەناهی لە بەغدا رای گەیاند، بەرپرسێكی گەورەی هەواڵگری بە تۆمەتی گەندەڵی، گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم چواری ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسێكی تەناهی كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، رای گەیاندووە لیژنەی نەهێشتنی گەندەڵی كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دامەزراوە، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگریی فەوجی فریاكەوتنی بەغدای گرتووە.
پێگەكە روونی كردووەتەوە، هێزێكی تەناهی بە فەرمانی فەریق "ئەحمەد ئەبو رەغیف" سەرۆكی لیژنەی نەهێشتنی گەندەڵی، بە تۆمەتی گەندەڵی، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگریی فەوجی فریاكەوتنی بەغدایان گرتووە و رەوانەی گرتووخانە كراوە. ئێستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
لە كۆتایی مانگی ئابی ساڵی رابردوو، سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی بڕیاری دامەزراندنی لیژنەیەكی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی دا، ئەو لیژنەیە بە سەرۆكایەتیی فەریق "ئەحمەد ئەبو رەغیف"ـە، تا ئێستە چەندان بەرپرسی گەورەیان بە تۆمەتی گەندەڵی گرتووە.
لەو لیژنەیەدا چەندان ئەفسەری گەورە تێیدا ئەندامن لە وەزارەتی ناوخۆ، دەزگەی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی. هەروەها دەستەی دەستپاكیش تێیدا ئەندامە. ئەو لیژنەیە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دەسەڵاتی رەهایان پێ دراوە لە گرتنی هەر كەسێك كە بە گەندەڵی تۆمەتبار بێت.